شاندێكی هێزەكانی ئاسایشی كۆبانێ و فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب كۆبوونەوە، تێیدا ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی 29ی كانوونی دووەم و لابردنی گەمارۆی سەر شارۆكەی كۆبانێ و پەرەپێدانی هاوكارییە تەناهییەكانیان تاوتوێ كرد.
میدیای رۆژئاوای كوردستان بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ لە شاری حەلەب، كۆبوونەوەیەك لە نێوان شاندی ئاسایشی كۆبانێ و فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب بەڕێوەچوو، كە تێیدا دووپات لە دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو بۆ باشتركردنی دۆخی تەناهیی و ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی خەڵكی گوندەكان و ناو شاری كۆبانێ كرایەوە.
ئارین كۆبانێ هاوسەرۆكی هێزەكانی ئاسایشی كۆبانێ كە سەرۆكایەتی شاندەكەی دەكرد رای گەیاند، ئامانجمان دانانی ڕێكارێكی هاوبەشە بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی ڕێككەوتنی پێشوو، هەردوولا لەسەر پەرەپێدانی هاوئاهەنگییەكان بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەكە ڕێككەوتن.
ئەم كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە كە كۆبانێ چەند هەفتەیە لەژێر گەمارۆیەكی تونددایە و دانیشتووانەكەی بەدەست كەمی پێداویستییە سەرەتاییەكانەوە تووشی كێشەی قورس بوون.