عێراق: لێكۆڵینەوە لەگەڵ گیراوانی داعش چوار بۆ شەش مانگ دەخایەنێت

:: PM:07:56:08/02/2026 ‌

ناوەندی نیشتمانیی هاریكاری دادوەریی نێودەوڵەتی لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دووپاتی كردەوە كە تەواوی تاوانی گیراوانی داعشە هێنراوەكان لە سووریا راستەوخۆ بەپێی یاساكانی عێراق سەیر دەكرێن، ئەوانە خەڵكی 42 دەوڵەتن و گیراوی زۆر مەترسیداریان تیادایە و بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی تۆمەتبارن، دووپاتی كردەوە كە دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان رادەستی وڵاتانیان دەكرێتەوە.

عەلی زیا جێگری ناوەندەكە گوتی، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە سەرۆكایەتیی دادوەر فایەق زێدان كۆ بووەتەوە و بابەتی لێكۆڵینەوە لەگەڵ گیراوانی داعشی هێنراو لە سووریا بۆ عێراق بە دادگای یەكەمی كەرخ سپێردراوە، كە دادگایەكی تایبەتە بە پرسەكانی تیرۆر، ژمارەیەك دادوەر و داواكاری گشتی و كادری كارگێڕی بۆ تەرخان كراوە بۆ تەواوكردنی پرۆسەی لێكۆڵینەوە، پێشبینی دەكرێت ژمارەی گیراوانی داعش بگاتە حەوت بۆ هەشت هەزار.  

ئاماژەی كرد، دادگاكە لە 28/1 دەستی بە رێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوەكردن كردووە، لێكۆڵینەوەكانیش لە سفرەوە دەست پێ دەكەن، بەڵام بڕێكی زۆر لە زانیاری تایبەت بە تاوانەكانی داعش بەردەستن، ناوەندی نیشتمانی ژوورێكی ئۆپراسیۆنەكانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا تەناهییەكان پێك هێناوە بە پشتبەستن بە بانكێكی فرەوانی زانیارییەكان، كە تاوانەكانی داعشی لە نێوان ساڵانی 2014 و 2017ی تیادایە.

زیا دووپاتی كردەوە، نزیكەی 42 دەوڵەت گیراوی داعشیان لە نێوان ئەو حەوت بۆ هەشت هەزار گیراوەی داعشی دەهێنرێنە عێراق تیادایە، تەواوی دادگاییكردنەكان لە لایەن دادگای عێراقییەوە و بەپێی یاسای عێراقی دەبێت، پێشبینی دەكرێت ماوەی پێویست بۆ تەواوكردنی رێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوەی ئەوان چوار بۆ شەش مانگی پێویست بێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل