شارەزایەك وریایی لە دواكەوتنی مووچەی مانگی داهاتووی عێراق دەدات

:: PM:10:58:08/02/2026 ‌

شارەزایەكی ئابووری وریایی لە كارتێكردنی تەنگژەی ئێستەی دەروازە سنوورییەكان راستەوخۆ لەسەر مووچەی فەرمانبەران دەدات، بەتایبەتی مووچەی مانگی داهاتوو و پێشبینی دەكات 20 رۆژ دوا بكەوێت.

عودەی عەلەوی سەرۆكی هاوپەیمانی ئابووریی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی ئاماژە دەكات، یاسای تاریفەی گومرگی ناكرێ بەو شێوەی ئێستە بەتەواوەتی جێبەجێ بكرێت، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە كەموكوڕی لە ژێرخانی دەوڵەتی عێراقی، بۆ نموونە رۆژانە لە بەندەرەكان دوو هەزار كۆنتێنەر دێتە ناو عێراق، یاساكە باسی لێوردبوونەوە و پشكنینیان دەكات، ئەوەش ئەستەمە لە رۆژێك تەواو بێت، چونكە ئەو توانایەمان نییە. 

روونی كردەوە، ئەوانەی لەو رێوشوێنە سوودمەندن ئەوانەن كە لە رێوشوێنەكان بەدەر كراون و لە دەسەڵاتەوە نزیكن، چونكە ئەوان لە هەموو شتێك لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت، لە باج و گومرگ و هیتریش، بۆیە ئەوانە كۆنترۆڵی بازاڕ دەكەن و كاری بازرگانان كۆتایی پێ دێنن.

سەبارەت بە مووچە عەلەوی دووپاتی كردەوە، نەوت دێتە فرۆشتن و پارەكەی دەخرێتە حیسابێك لە گەنجینەی ئەمەریكی، پارەكە لەو حیسابەوە دەخرێتە سەر حیسابێكی تری بانكی ناوەندیی عێراق، بەڵام ئەمەریكا ئەو پارە بە كاش ناداتە عێراق، بەڵكو لە رێگەی حەوالەی بانكی و لە رێگەی بازرگانانەوە دەبێت، كە ئەوان دینار بە بانكی ناوەندی دەدەن و پارەكە دەخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەویش مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكات، كە عێراق مانگانە پێویستی بە نزیكەی هەشت تریلیۆن دینار هەیە.

ئەو شارەزا ئابوورییە زیاتر روونی دەكاتەوە، لێرەدا بازرگانان تاكە دەروازەن بۆ دەستكەوتنی دۆلار، ئەگەر ئەوان دۆلار نەكڕن، دەوڵەت پارەی بۆ مووچە لە كوێ دەست دەكەوێت؟، بۆیە ئەگەر دۆخەكە وەم ئێستە بەردەوام بێت، پێم وایە مووچەی مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی عێراق بە لایەنی كەم 20 رۆژ دوا دەكەوێت، زانیاریشم هەیە بەوەی تا ئێستە مووچەی مانگی یەك تەواو نەدراوە، جا چۆن مووچەی مانگی داهاتوو خەرج دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل