رۆژنامەی مەدای عێراقی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا پەردەی لەسەر كۆبوونەوەیەكی نهێنیی هێزەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لادا، بەو پێیە بێت باسی دوو بژاردە كراوە.
بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەكە، بژاردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئێستە زۆر سنووردار بوونەتەوە. هێزە شیعەكان لە نێوان دوو ڕێگەدان.
یەكەم پێشكەشكردنی بەربژێرێكی سازان وەك جێگرەوەی نووری مالیكی، دووەمیش پەنابردن بۆ بژاردەی بەردەوامبوونی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی وەك چارەسەرێكی كاتی.
ئەم هەوڵانە بەپێی بەدواداچوونی مەدا، بۆ دەربازبوونە لەو بنبەستەی كە بەهۆی پێداگریی دەوڵەتی یاسا لەسەر بەربژێركردنی مالیكی دروست بووە.
سەرەڕای پێداگرییەكانی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ناوی چەند كەسایەتییەك وەك جێگرەوەی مالیكی هاتوونەتە ناو باسەكان، لەوانە حەمید شەتری، هاوكات باس لەوە دەكرێت كە سوودانی پاڵپشتی لە ئیحسان عەوادی بەڕێوەبەری نووسینگەكەی دەكات بۆ ئەو پۆستە.
ئەم پێشنیازەی دووەمیان كە لەلایەن سوودانییەوە كراوە، تووڕەیی نووری مالیكیی لێ كەوتووەتەوە، بەتایبەت كە عەوادی پێشتر لە حزبی دەعوە جیا بووەتەوە.
ڕۆژنامەكە ئاشكرای كردووە، بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی ئەمەریكا و پێداگریی مالیكی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی كەوتووەتە ناو بنبەستێكی قووڵ، ئەمەش وایكردووە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دوای هەشت مانگ كۆ ببێتەوە. لە كۆبوونەوەكاندا پێشنیاز كراوە كە دەسەڵاتەكانی سوودانی لە ڕێگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە فراوان بكرێت.
ئەم پێشنیازە لەلایەن بەشێك لە سەركردە شیعەكانەوە پاڵپشتی دەكرێت، لە كاتێكدا قەیس خەزعەلی و عەمار حەكیم كە دژی گەڕانەوەی مالیكین، لە دواین كۆبوونەوەی چوارچێوەكەدا ئامادە نەبوون.