بڕیارە سبەی سێشەم سكرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە یاوەری شاندێك بگاتە سوڵتاننشینی عومان، بە ئامانجی ئەوەی گەڕی دووەمی دانوستاندنەكان لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەنجام بدەن.
لە گەڕی دووەمی دانوستاندنەكان، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتیی تاران ناكات، بگرە لە شوێنی ئەو عەلی لاریجانی سكرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی كۆماری ئیسلامیی ئێران سەركردایەتیكردنی شاندی ئێرانی لە دانوستاندنەكان دەگرێتە دەست، سبەی سێشەم دەگاتە سوڵتاننشینی عومان و بڕیارە سەرەتایش لەگەڵ بەرپرسانی سوڵتاننشینی عومان كۆ ببێتەوە.
لاریجانی لە
ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی داوە، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوڵتاننشینی عومان كۆ دەبێتەوە و تاوتوێی دوا پێشهاتەكانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هاریكاری دوولایەنەی هەردوو وڵات لە ئاستە جیاوازەكان دەكەن.
دەستكردنەوە بە دانوستاندنەكانی نێوان تاران و واشنتن لە كاتێكدایە، بەر لە نۆ مانگ دانوستاندنەكان وەستان و ڕۆژی هەینی ڕابردوو شەشی كانوونی دووەم/یەنایەر، یەكەم گەڕی دانوستاندن لە مەسقەت دەستی پێ كردەوە، هەرچەندە شاندی ئێران بە سەرۆكایەتیی لاریجانی سبەی دەگەنە سوڵتاننشینی عومان، بەڵام تا ئێستە وادەی دانیشتنی دووەمی ئێران و ئەمەریكا دیار نییە و واشنتنیش هیچ زانیارییەكی لەبارەی چوونی شاندی دووەمی بۆ بەردەوامیدان بە دانوستاندنەكان بڵاو نەكردووەتەوە.