بەهۆی ناكۆكیی نێوان هێزە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەتی شیعە و سووربوونی زۆرینەیان لەسەر بەردەوامبوونی كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و رەتكردنەوەی لە لایەن سەرۆكی ئەمەریكاوە، عێراق گەیشتووەتە چەقبەستوویی سیاسی، هاوكات كەس ئامادە نییە بۆ سازشكردن، بەپێی چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشنیازی درێژكردنەوەی تەمەنی حكوومەتی ئێستەی سوودانی بۆ ساڵێك كراوە.
سەرچاوەكە دەڵێت، یەكێك لە هێزە دیار و كاریگەرەكانی شیعە، نووسراوێكی رادەستی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق كردووە، كە پێشنیازێكی لەخۆ گرتووە بۆ دەركردنی دۆخەكە لەو داخرانە سیاسییەی تێی كەوتووە، بەو شێوەی مافە سیاسی و پەرلەمانییەكانی پێكهاتەكان بێتە پاراستن.
روونی كردەوە، پێشنیازەكە باسی ئەوە دەكات، تەمەنی حكوومەتی سوودانی بۆ ماوەی ساڵێك و بە دەسەڵاتێكی سنووردار و مەرجدار بە گەیشتن بە چارەسەری بۆ ئەو داخرانە سیاسییەی هەیە درێژ بكرێتەوە، هەر سەبارەت بە قبووڵكراویی پێشنیازەكە، سەرچاوەكە ئاماژە دەكات، بڕیارە سوودانی ئەو پیِشنیازە لەگەڵ سەركردەكانی شیعە لە كۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باس بكات، بۆیە ئەگەری قبووڵكردن یان رەتكردنەوەی هەیە.
دوێنێ یەكشەم لە بەغدا كۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێوە چوو، ئەوان لە كۆشكی حكوومەت كۆ بوونەوە و باسی چەند پرسێكیان كرد، بەڵام بە هیچ لێكگەیشتنێك لەبارەی دیاریكردنی پۆستەكانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكوومەت نەگەیشتن، هەر دوێنێ یەكشەم سوودانی دەستبەرداری ئەندامیەتی لە پەرلەمانی عێراق بوو، ئەوەش دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردنی كۆتای ساڵی رابردوو بە 46 كورسیی پەرلەمانی، دوای بەدەستهێنانی هاوپەیمانیەتییەكەی بۆ زیاتر لە 400 هەزار دەنگ.