"نووری مالیكی پاشەكشە ناكات"

:: PM:10:59:09/02/2026 ‌

لەوكاتەی چاوەڕوان دەكرێت بۆ دەربازكردنی عێراق لەو چەقبەستووە سیاسییەی تێی كەوتووە، نووری مالیكی كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بكشێتەوە، شرۆڤەكارێكی سیاسیی نزیك لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە زاری مالیكی دەیگوازێتەوە كە ئەو پاشەكشە ناكات.

عەلی فەزەڵا شرۆڤەكاری نزیك لە هاوپەیمانییەكەی نووری مالیكی دوای سەردانیكردنی بۆ نووسینگە مالیكی، پەیامێكی ئەوی گواستەوە بەوەی گوتوویەتی كە لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پاشەكشە ناكات، ئەو پەیامەی مالیكی دوای ئەو قسانە دێت كە پاڵپشتیی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ كاندیدبوونی كەمی كردووە و لە كۆی 12 هێزی سیاسیی ناو چوارچێوەكە تەنیا چوار هێزی سیاسی پاڵپشتی لە كاندیدبوونی دەكەن.

لای خۆیەوە دوای ئەو هەواڵانەی باسی نیازی شیعە بۆ درێژكردنەوەی ماوەی حكوومەتەكەی سوودانی بۆ ساڵێك دەكەن، بیلال ناسری گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رای گەیاند، ئەوەی لە كۆبوونەوەی شەوی رابردووی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت باس كرا، مەبەست لێی مانەوەی حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی نەبووە، بەڵكو دەبێت رێوشوێنە یاساییەكان بۆ كاندیدبوونی نووری مالیكی تەواو بكرێت.

روونی كردەوە، بەیاننامەكەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەهیچ شێوەیەك ئاماژەی بۆ بوونی پاڵپشتی یان بوونی نیاز بۆ بەردەوامیدان بە حكوومەتی كاربەڕێكەر نەكردووە، بەڵكو لێكدانەوەی بەیاننامەكە بەو شێوەیە بووە كە داخرانێكی سیاسی لە گۆڕەپانی شیعە هەیە و ئەوەش راست نییە و هەوڵێك هەیە بۆ گەورەكردنی بابەتەكە و ئاڵۆزكردنی دۆخەكە، ئەوانەی هەوڵی پەكخستنی دۆخەكە دەدەن دەیانەوێ ویستی سیاسیانەی خۆیان تێپەڕ بكەن، بۆیە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێك نییە عێراق بەرەو بۆشایی دەستووری بچێت كە ئەوە لێدانە لە پرۆسەی سیاسی.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل