دوای شەش مانگ لە هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وێرانكردنی وێستگە ئەتۆمییەكانی لە لایەن ئەمەریكا لە هاوینی رابردوو، هەینی رابرددوو بە ناوەندگیری ژمارەیەك وڵاتی ناوچەكە گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەستیان پێ كرایەوە، ئێران دەڵێت گفتوگۆكان تەنیا بەرنامە ئەتۆمییەكەی دەگرێتەوە، لەوكاتەی ئەمەریكا و ئیسرائیل سوورن بەوەی بەرنامە مووشەكییەكەشی گۆڕانكاری بەسەردا بێت.
شارەزایەكی تەناهیی ئیسرائیلی پێی وایە ئێران دەستبەرداری بەرنامە مووشەكییە بالیستییەكەی نابێت، كە داواكارییەكی سەرەكیی ئیسرائیلە لە ئەمەریكا، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو گفتوگۆكانی عومان، راز زیمیت بەرپرسی دۆسەی ئێران لە پەیمانگەی لێكۆڵینەوەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلی دەڵێت، ئێران نایەوێ بكەوێتە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەمەریكا.
ئەو شارەزایە لە میانەی قسەكانی بۆ ئێزگەی 103ی ئیسرائیلی ئاماژەی كرد، سەركردایەتیی ئێران چەند هێڵێكی سووری هەیە، مووشەكەكانی ئەو وڵاتەش لەوانە، بە بۆچوونی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران بەرنامەی مووشەكیی تاران ئامرازی سەرەكیی دەستی ئێرانە بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنەكانی، هاوكات ئەو متمانەی بە گەرەنتییەكانی ئەمەریكا نییە.
زیمیت دووپاتی كردەوە، خامنەیی پێی وایە ئەگەر ئێران سازشی زۆر بۆ ئەمەریكا بكات، واتە لە دۆسیەكانی ئەتۆمی و مووشەكی، واشنتن لە ماوەی چەند هەفتەیەك یان مانگێك سوود لە خاڵە لاوازەكانی ئێران دەبینێت، ئەو وای دەبینێت مەترسیی وەشاندنی گورزێكی سەربازی لە ئێران لە مەترسیی لێكهەڵوەشاندنەوەی بەرنا مووشەكییەكی گەورەترە، بۆیە خاوەن بڕیارەكان لە ئێران پێیان وایە تەنانەت لە كاتی هێرشێكی گەورەی ئەمەریكاش رژێمی ئەو وڵاتە ناكەوێت.
ئەو شارەزایە روونی دەكاتەوە، رووداوەكانی دوایی دەریان خست كە مووشەكەكانی ئێران دەتوانن هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست بكەن و زیانی گەورەی پێ بگەیەنن، بۆیە مووشەكەكانی ئێران گەورەترین مەترسین لەسەر ئاستێكی نزیكدا، ئەگەرچی لەسەر ئاستی دوور بەرنامە ئەتۆمییەكەی مەترسییە، بەڵام پێشوەچوونی بەرنامەكەی ئێستە سنووردارە.