ئەرشەد حاكم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رای گەیاند، والیی داعشیان لە ئەنبار گرتووە و شانەیەكی ئاڵۆزی تیرۆریستیان لە شارەكە هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم، 10ی شوباتی 2026، ئەرشەد حاكم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایش لە
راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، بە كۆششێكی هەواڵگری كە ساڵێك زیاتری خایاندووە، توانیویانە شانەیەكی تیرۆریستان هەڵبوەشَننەوە، ئەو شانەیەیش بە "ئاڵۆز" وەسف دەكات.
زیاتر دەڵێ، "تیرۆریستێكی ترسناك گیرا بە ناوی ئەبوئەیمەن راوی كە بە والیی ئەنبار ناسراوە، پشتێنی بۆمبڕێژكراوی بەستووە بەڵام بەر لەوەی بتوانێ كردەی تیرۆریستی بكات، گیراوە".
گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق باس لەوە دەكات، چەندان بەرپرسی تری تیرۆریستان گیراون كە كاریان گواستنەوە و پشتیوانی لۆجیستی و دروستكردنی درۆن و بەڕێوەبردنی دۆسیەی كیمیایی بووە.
ماوەیەكە لە ئەنباری رۆژئاوای عێراق، جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش دەردەكەوێت و هەینیی رابردوویش تیرۆریستێك خۆی بە هێزە تەناهییەكانی عێراق تەقاندەوە و چەند كەسێكی بریندار كرد.