ناوەڕۆكی سەردانەكەی قەیس خەزعەلی بۆ ئێران ئاشكرا دەبێت

:: PM:09:34:10/02/2026 ‌

ئێستە عێراق لە یەكێك لە خراپترین دۆخیدایە لە رووەكانی سیاسی و ئابووریدا، بووەتە گۆڕپانی ماملانێی ئێران و ئەمەریكا، شیعە كاندیدێكیان بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەتی نوێ دیاری كردووە ئێران پاڵپشتی دەكات و ئەمەریكا رەتی دەكاتەوە، بۆیە دۆخی سیاسیی عێراق پەكی كەوتووە، پێوەست بەو بابەتە قەیس خەزعەلی سەردانی ئێران كرد و ئەندامێكی فراكسیۆنەكەی باسی سەردانەكە دەكات.

نەعیم عەبوودی ئەندامی فراكسیۆنی سادیقوونی سەر بە گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق باسی ناوەڕۆكی سەردانی قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب بۆ تاران دەكات و ناوەڕۆكی گفتوگۆكان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران روون دەكاتەوە، ئەو لە بەیاننامەیەكدا گوتی، سەردانەكەی دوایی خەزعەلی و دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لەو دۆخە هەستیارەی عێراق و ناوچەكە، پەیامێكی پاڵپشتی و رێزگرتن بوو.

ئاماژەی كرد، خەزعەلی دووپاتی لەوە كردەوە كە عێراق كۆڵەكەیەكی سەرەكییە لە ناوچەكە و بڕیارەكانی تەواو نیشتمانی و پشبەستوون بە خواستی گەلەكەی و خاك و مێژوو و پیرۆزییەكانی، لەو سەردانەدا ئێران پاڵپشتی روون و بەردەوامی بۆ گەل و حكوومەتی عێراق دەربڕی، دووپاتی كردەوە كە عێراق خۆی خاوەن بڕیاری خۆیەتی و حكوومەتەكەی بە خواستی نیشتمانی خۆی پێك دێنێت، ئەوەشی لە میدیاكان دێتە بڵاوكردنەوە بەوەی ئێران دەست لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەردەدات، راست نییە، بەڵكو ئێران پاڵپشتی لە بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكات بە كاندیدكردنی ئەوەی بە گونجاوی دەزانن بۆ پۆستەكە جا هەركێیەك بێت.  

عبوودی دووپاتی كردەوە كە وەك فراكسیۆنی سادیقوون، دووپات لە سووربوون لەسەر پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای دەوڵەت و سیستمە سیاسییەكەی و پابەندبوون بە لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارەتیی وەرگرتنی بڕیاری گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغە و ئاراستەكردنی بەپێی پێویستییەكانی سەروەریی نیشتمانی دەكەینەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل