جۆو وێڵسن: مەسروور بارزانی ڕۆڵی گەورەی لە ڕێککەوتنی سووریادا هەبوو

:: PM:10:23:10/02/2026 ‌
ئەندامێکی دیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، ستایشی ڕۆڵی مەسروور بارزانی دەکات لە سەرخستنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق، هاوکات هۆشداری دەدات کە پەکەکە هەوڵی تێکدانی دۆخی کورد دەدات لە هەر چوار پارچەکە.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی شوباتی 2026، لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، جۆو وێڵسن کۆنگرێسمانی کۆمارییەکان لە گوتارێکدا ڕای گەیاند، تۆم باراک کارێکی نایاب دەکات لە دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە سووریا و یەکخستنەوەی هێزەکانی هەسەدە لە ناو هێزەکانی حكوومەتی سووریادا.

وێڵسن سوپاسگوزاریی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و گوتی، زۆر سوپاسی ڕۆڵی مەسروور بارزانی دەکەم بۆ ئەو هاوکاری و هەوڵە دیپلۆماسییانەی داویەتی، بۆ هێنانەدیی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حكوومەتی دیمەشق و لێکنزیککردنەوەی جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی و سەرۆک ئەحمەد شەرع.

ئەو ئەندامەی کۆنگرێس خۆشحاڵیی خۆی بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان پێشان دا و گوتی، زۆر دڵخۆشم بەوەی 20 ساڵ پێشتر لە هەرێمی کوردستان بەدەست هات و ئێستەیش ئەو حكوومەتە سیمبوولی گەشەسەندن و گەشانەوەیە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، جۆو وێڵسن ڕەخنەی لە سیاسەتی پەکەکە گرت و گوتی "بەداخەوە هەندێک ئەندامی پەکەکە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی کوردەکانی سووریا، ئێران، تورکیا و عێراقیان داوە".



وشە - پۆڵا مەحموود