دوای ئەوەی مانگی رابردوو لە گەرمەی شەڕی هەسەدە و حكوومەتی كاتیی سووریا فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا رای گەیاند كە حەوت هەزار گیراوی داعش لە گرتووخانەكانی سووریا بۆ گرتووخانەكانی عێراق دەگوازرێنەوە، رۆژانە ژمارەیەك لەو گیراوانە لەناو رێوشێنی توندی تەناهی دەگەنە عێراق.
سەرچاوەیەكی تەناهیی ئاشكرای كرد كە تا دوێنێ دووشەم ژمارەی ئەو گیراوانەی داعش لە گرتووخانەكانی سووریا هێنراوەنەتە عێراق گەیشتووەتە 4250 گیراو، ئەوەش لە كۆی حەوت هەزار گیراو بڕیارە بگوازرێنەوە بۆ عێراق.
زیاتر گوتی، هێنانی ئەو گیراوانە بەردەوامە و لە سێ رۆژی رابردوو دوو هەزار گیراو گەیشتوونەتە عێراق، زۆرینەی ئەوانە لە گرتووخانەكانی بەغدا راگیراون و لیژنەیەك لە ئاژانسی هەواڵگری لە وەزارەتی ناوخۆ لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكات.
8ی ئەم مانگە ناوەندی نیشتمانیی هاریكاری دادوەریی نێودەوڵەتی لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دووپاتی كردەوە كە گیراوانی داعشی هێنراو لە سووریا خەڵكی 42 دەوڵەتن و هی زۆر مەترسیداریان تیادایە و دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان رادەستی وڵاتانیان دەكرێتەوە.
عەلی زیا جێگری ناوەندەكە گوتی، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كۆ بووەتەوە و بابەتی لێكۆڵینەوە لەگەڵ گیراوانی داعشی هێنراو لە سووریا بە دادگای یەكەمی كەرخ سپێردراوە، كە دادگایەكی تایبەتە بە پرسەكانی تیرۆر، ژمارەیەك دادوەر و داواكاری گشتی و كادری كارگێڕی بۆ تەرخان كراوە بۆ تەواوكردنی پرۆسەی لێكۆڵینەوە، پێشبینی دەكرێت ژمارەی گیراوانی داعش بگاتە حەوت بۆ هەشت هەزار.
ئاماژەی كرد، دادگاكە لە 28/1 دەستی بە رێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوەكردن كردووە، لێكۆڵینەوەكانیش لە سفرەوە دەست پێ دەكەن، بەڵام بڕێكی زۆر لە زانیاری تایبەت بە تاوانەكانی داعش بەردەستن، ناوەندی نیشتمانی ژوورێكی ئۆپراسیۆنەكانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا تەناهییەكان پێك هێناوە بە پشتبەستن بە بانكێكی فرەوانی زانیارییەكان، كە تاوانەكانی داعشی لە نێوان ساڵانی 2014 و 2017ی تیادایە.
زیا دووپاتی كردەوە، نزیكەی 42 دەوڵەت گیراوی داعشیان لە نێوان ئەو حەوت بۆ هەشت هەزار گیراوەی داعشی دەهێنرێنە عێراق تیادایە، تەواوی دادگاییكردنەكان لە لایەن دادگای عێراقییەوە و بەپێی یاسای عێراقی دەبێت، پێشبینی دەكرێت ماوەی پێویست بۆ تەواوكردنی رێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوەی ئەوان چوار بۆ شەش مانگی پێویست بێت.