شەفافییەتی نێودەوڵەتی: عێراق لەناو لیستی گەندەڵترین وڵاتانی دنیادا ماوەتەوە

:: PM:07:47:11/02/2026 ‌
ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ پێنوێنی تێگەیشتن لە گەندەڵی (CPI) بۆ ساڵی 2025 بڵاو کردەوە، کە تێیدا ئاستی گەندەڵی لە 180 وڵات و هەرێم پێوانە کراوە. ئەنجامەکان دەریدەخەن کە زۆرینەی وڵاتان لە کۆنترۆڵکردنی گەندەڵیدا شکستیان هێناوە و وڵاتانی عەرەبی لە خراپترین دۆخدان.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی شوباتی 2026، ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی ڕای گەیاند، لە کۆی 180 وڵات، 122 وڵات نمرەیان لە خوار 50 خاڵەوە بووە، کە ئەمەش نیشانەی مەترسیدارە.

پاکترین و گەندەڵترین وڵاتانی دنیا
بەپێی ڕاپۆرتەکە، وڵاتانی دانیمارک (89)، فینلاند (88) و سەنگاپوورە (84) لە لووتکەی پاکترین وڵاتانی دنیادان لە ڕووی نەبوونی گەندەڵییەوە.
لە بەرانبەردا، وڵاتانی سۆماڵ (9)، باشووری سوودان (9) و ڤەنزوێلا (10) وەک گەندەڵترین وڵاتانی دنیا دەستنیشان کراون.

دۆخی عێراق و وڵاتانی عەرەبی
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە پێنج وڵاتی عەرەبی لە ڕیزبەندیی خراپترین وڵاتانی دنیادان کە بریتین لە: سووریا، سوودان، لیبیا، یەمەن و سۆماڵ.
سەبارەت بە عێراق، نمرەکەی لە خوار 50%ـەوە بووە، هاوشانی کوێت، مەغریب، توونس، جەزائیر، میسر، مۆریتانیا و لوبنان.

تەنیا شەش وڵاتی عەرەبی توانیویانە نمرەی سەرووی 50 بەدەست بهێنن کە بریتین لە: ئیمارات، قەتەر، سعوودیە، عومان، بەحرێن و ئوردن.

ئەمەریکا و ئەوروپا پاشەکشەیان کردووە
خاڵێکی جێی سەرنجی ڕاپۆرتەکە ئەوەیە کە تەنانەت دیموکراسییە گەورەکانیش پاشەکشەیان کردووە. ئەمەریکا نزمترین نمرەی خۆی تۆمار کردووە کە (64) خاڵە، هەروەها بەریتانیا (70) و فەرەنسا (66) دابەزینیان بەخۆوە بینیوە. ڕێکخراوەکە هۆکارەکەی بۆ لاوازبوونی ڕۆڵی سەرکردایەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا گەڕاندووەتەوە.

شەفافییەتی نێودەوڵەتی دووپاتی کردووەتەوە، نەبوونی سەرکردایەتیی بوێر بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی، بووەتە هۆی ئەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لاواز ببن.



وشە - پۆڵا مەحموود