وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕوونکردنەوە لەسەر لێدوانەکانی وەزیرەکەی دەدات و ڕای دەگەیەنێت، میدیاکانی عێراق قسەکانیان شێواندووە و ئەوان مەبەستیان دەستوەردان نەبووە، بەڵکو باسی مەترسیی پەکەکەیان لە شنگال و مەخموور کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 11ی شوباتی 2026، ئۆنجو کەچەلی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، وا دیارە هەندێک لە دەزگا میدیاییەکانی عێراق، ئەو لێدوانانەیان شێواندووە کە هاکان فیدان وەزیری دەرەوە لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە نۆی شوبات پێشکەشی کردبوون.
گوتەبێژەکە ڕوونی کردەوە، ئامانج لە قسەکانی فیدان ڕاکێشانی سەرنج بووە بۆ ئەو هەڕەشەیەی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و ئاسایشەکەی دروستی کردووە، کە بوونی خۆی لە بەشێک لە خاکەکەدا چەسپاندووە، بەتایبەت لە شنگال، مەخموور و قەندیل.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دووپاتی کردەوە، ئێمە ڕەتی دەکەینەوە لێدوانەکانی وەزیر لە سیاقی خۆی دەربهێنرێت و وەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەسف بکرێت، بەڵکو پاڵپشتیی خۆمان بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق نوێ دەکەینەوە.
ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ باڵیۆزی تورکیای بانگهێشت کرد و ناڕەزایەتیی خۆی پێ گەیاند. لای خۆیەوە باڵیۆزی تورکیا بە بەرپرسانی بەغدای ڕاگەیاندووە کە قسەکان بەهۆی "وەرگێڕانی هەڵە"وە بەو شێوەیە تێگەیشتراون و مەبەست لێی هاووڵاتییانی عێراق نەبووە، بەڵکو چەکدارانی پەکەکە بووە.