ڕۆیتەرز: ئەمەریکا هێزەکانی لە بنکەی "تەنەف"ـی سووریاوە بۆ ئوردن کشاندەوە

:: PM:09:30:11/02/2026 ‌
دوو سەرچاوەی تەناهی ئاشکرایان کرد، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا، بنکەی سەربازیی ستراتیجیی "تەنەف"یان لە سووریا چۆڵ کردووە و بەرەو ئوردن کشاونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی شوباتی 2026، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری دوو سەرچاوەی تەناهییەوە بڵاوی کردەوە، سوپای ئەمەریکا پڕۆسەی گواستنەوەی هێزەکانی لە بنکەی سەربازیی تەنەف لە ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ خاکی ئوردن تەواو کردووە.

بنکەی تەنەف خاوەنی پێگەیەکی ستراتیجییە و دەکەوێتە سێگۆشەی سنووریی نێوان سووریا، ئوردن و عێراق. ئەم بنکەیە لە ساڵی 2014 دامەزراوە و وەک ناوەندێکی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەکار هاتووە.

ئەم کشانەوەیە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە نەخشەی سەربازیی ناوچەکە، بەتایبەت کە تەنەف وەک خاڵێکی گرنگ بۆ چاودێریکردنی ڕێڕەوە سنوورییەکان و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی هەژموونی ئێران سەیر دەکرا.



وشە - پۆڵا مەحموود