ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ ئاگاداری ناردنی هەزاران ئامێری "ستارلینک" بووە بۆ ئێران بۆ ئەوەی ئینتەرنێت بگەیەنێتە دەست نەیارانی ڕژێم، ئەمەش وەک پشتیوانییەکی نهێنی بۆ خۆپێشاندەران.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی شوباتی 2026، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە، سەرۆک ترەمپ ئاگاداری پڕۆسەی ناردنی ئامێرەکانی "ستارلینک" بووە بۆ ناو ئێران.
بەرپرسەکە دووپاتی کردووەتەوە، واشنتن بە نهێنی شەش هەزار وێستگەی ئینتەرنێتی ئاسمانی (ستارلینک)ـی ڕەوانەی ئێران کردووە، ئەوەش دوای سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان.
بەپێی ڕۆژنامەکە، ئێرانییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان بەو ئومێدەی واشنتن لە ڕێی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجە حكوومی و سەربازییەکان پشتیوانییان بکات، بەڵام ئەم هێرشە ڕووی نەدا.
ڕۆژنامەکە ڕوونی کردووەتەوە، هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ ڕەتی کردووەتەوە هاندەری پشێویی گشتی بووبێت لە ئێران، بەڵام پڕۆسەی بەقاچاخناردنی ئامێرەکانی "ستارلینک" دەری دەخات کە پشتیوانیی نهێنیی هەوڵەکانی دژایەتیکردنی ڕژێمی کردووە.
جێی باسە لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو، شەپۆلێکی خۆپێشاندان لە تاران دەستی پێ کرد و پەڕییەوە بۆ شارەکانی تر، هۆکارەکەشی بۆ خراپبوونی دۆخی ئابووری و دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی بەرانبەر دۆلار دەگەڕێتەوە.