ڕۆبیۆ: ئەو جیهانە کۆنەی تێیدا گەورە بووم نەماوە ئێستە سەردەمێکی نوێیە

:: PM:02:58:13/02/2026 ‌
مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند، جیهان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی خێرادایە و جوگرافیایەکی سیاسیی نوێ دروست بووە، بۆیە دەبێت ڕۆڵی ئەمەریکا هەڵسەنگاندنەوەی بۆ بکرێت.

ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026، مارکۆ ڕۆبیۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی سبەی شەموو لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن چی بە ئەوروپییەکان دەڵێت، گوتی، پێم وایە ساتێکی یەکلاکەرەوەیە. جیهان زۆر بە خێرایی لەبەرچاوما دەگۆڕێت. ئەو جیهانە کۆنەی من تێیدا گەورە بووم، چیتر بوونی نییە.

ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوە دا ئێمە لە سەردەمێکی نوێی جوگرافیای سیاسیدا دەژین کە پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوە هەیە بۆ شێوەکەی و ڕۆڵی ئێمە تێیدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشبینی دەکات بەشداربووانی کۆنفرانسەکە چاوەڕێی پەیامێکی ڕاشکاو بن لەبارەی ئاراستەی وڵاتەکەی و جۆری ئەو پێوەندییانەی دەیەوێت لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هەیبێت.

ڕۆبیۆ دووپاتی کردەوە، چەندان گفتوگۆی تایبەتمان لەگەڵ زۆرێک لە هاوپەیمانەکانمان کردووە و پێویستە لەسەری بەردەوام بین، هیوای خواست کۆبوونەوەکانی سبەی شەموو بەو ئاراستەیە بڕۆن.

جێی باسە چالاکییەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەیانیی ئەمڕۆ هەینی دەستی پێ کرد و تا ڕۆژی یەکشەم بەردەوام دەبێت، بە بەشداریی 65 سەرکردەی جیهان.



وشە - پۆڵا مەحموود