لە پهراوێزى كۆنفرانسى میونشندا، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گودیۆ كرۆسێتۆ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبوونەوە و پەرەپێدانی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان هەردوولایان تاوتوێ کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 13ی شوبات، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە.
"لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پێوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنی و سەربازی تاوتوێ کران، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییەکانی ئیتاڵیا و ڕۆڵی کارای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەربڕی".
لای خۆیەوە، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا پابەندیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی لە تێکشکاندنی تیرۆردا کرد.
هاوکات دواین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی تیرۆر، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.