سوپای ئەمەریكا: 30 ئامانجمان لە سووریا بۆردمان كردووە

:: PM:04:59:14/02/2026 ‌

لەوكاتەی پێشبینیی كشانەوەی لە تەواوی سووریا دەكرێت، سوپای ئەمەریكا لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە سووریا بەردەوامە، ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە لە ماوەی ئەم مانگەدا 10 هێرشی  ئاسمانی كردووەتە سەر داعش و 30 ئامانجی ئەوانی پێكاوە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا "سنتكۆم"، رای گەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە ماوەی نێوان 3 بۆ 12ی ئەم مانگە ژێرخان و جبەخانە و حەشارەگەكانی رێكخراوی داعشیان لە چەند ناوچەیەكی سووریا بۆدمان كردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامیی گوشارەكان بۆ سەر پاشماوەی چەكدارانی داعش لە سووریا، بۆردمانەكانیش لە رێگەی فڕۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەر و درۆن بووە. 

پێشتر فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا لە 27ی مانگی رابردوو بۆ 2ی ئەم مانگە پێنج هێرشی ئاسمانی كردە سەر پاشماوەی چەكدارانی داعش، ئەوەش وەك رای گەیاند لە تۆڵەی هێرشەكەی داعش بووە لە 13ی كانوونی یەكەمی رابردوو لە شاری تەدمور كە بووە هۆی كوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێكی ئەمەریكی. 

شایەنی باسە لە ماوەی دوو مانگی رابردوو فەرماندەی ناوەندی ئەمەریكا كوشتن و گرتنی زیاتر لە 50 چەكداری داعشی لە سووریا راگەیاند، جیا لە وێرانكردنی زیاتر لە 100 مۆڵگە و ئامانجی ئەوان، ئەوەش لە تۆڵەی هێرشەكەی تەدموڕ كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەو كات رای گەیاند تۆڵەی كوژرانی ئەوان و هێرشەكە دەكەنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل