شارەزایەك: پشتگوێخستنی ئەمەریكا عێراق دەخاتە ناو تەنگژەی قووڵترەوە

:: PM:09:43:14/02/2026 ‌

بە بۆچوونی زۆرینەی شارەزایان، عێراق لەناو تەنگژەیەكی قووڵی ئابووری و داراییدایە، بەشێوەیەك مەترسی لەسەر توانای دابینكردنی مووچەی هەیە، ئەوە سەرەڕای داهاتی زۆری فرۆشتنی نەوت و یەدەگی زۆری زێڕ و دراوی بیانی، بەڵام تەنگژەكان دەوریان داوە، شارەزایەك پێی وایە پشتگوێخستنی هەڕەشەكانی دوایی ئەمەریكا لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت دۆخی عێراق بەرەو خراپتر دەبات.

حوسێن ئەسعەد شارەزای ستراتیجی دەڵێت، پێویستە بە رژدییەكی زۆر و حیساباتێكی ورد مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەكانی ئەمەریكا بكرێت بە سەپاندنی سزا لەسەر عێراق ئەگەر حكوومەتێكی نوێ بێ رەزامەندی ئەو پێك بێنێت، ئەوەش بەهۆی لێكەوتە گریمانكراوەكان بۆ سەر سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و دارایی وڵات.

روونی كردەوە، واشنتن چەندان ئامرازی گوشاری بۆ سەر عێراق هەیە، لەوانە سزای دارایی و بانكی و سزا ئابووری و بازرگانییەكان و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پێوەندیی عێراق بە دامەزراوە نێودەوڵەتی و وەبەرهێنەرە جیهانییەكانەوە، بۆیە هەر پەرەسەندنێك لەو دۆسیە بە نەرێنی لەسەر بەهای دراوی عێراق و جموجۆڵی بازاڕ و دابینكردنی پارە بۆ پڕۆژە گرنگەكان رەنگدانەوەی دەبێت.

ئەسعەد دووپاتی كردەوە، لەو قۆناغەی ئێستە پێویستە هێزە سیاسییە عێراقییەكان پیادەی هەڵوێست و خۆگونجاندنێكی كردەنی و هاوسەنگ بكەن بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی لە لایەك و خۆپاراستن لە چوونە ناو رووبەڕووبوونەوەی حسێبنەكراو لەگەڵ هێزە گەورە و كاریگەرەكانی دنیا لە لایەكی تر، بەتایبەتی لە سایەی دۆخە هەستیارە ناوچەییەكان و ئە ئاڵنگارییە ئابوورییە ناوخۆییانەی هەیە، بۆیە پشتگوێخستنی وریاكردنەوەكانی ئەمەریكا لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، دەرگەی چەندان تەنگژەی قووڵ بە رووی عێراق دەكاتەوە و باجەكەشی زیاتر هاووڵاتییان دەیدەن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل