ڕۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیلی ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مانی هاوبه‌ش له كنێستی ئیسرائیل به ئاماده‌بوونی په‌رله‌مانتارانی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا و یۆنان و قوبڕس بڵاو كردووه‌ته‌وه، كه ئامانج لێی په‌ره‌پێدانی هاوپه‌یمانی ئه‌و وڵاتانه‌یه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دانانی سنوورێكه بۆ هه‌ژموونی توركیا له‌سه‌ر ناوچه‌كه و ئاسایشی وزه و بازرگانی، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی توركیایان به مه‌ترسییه‌كی ستراتیجی ناوبردوو و ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كار بكه‌ن و به‌ر به هه‌ژموونی توركیا له ناوچه‌كه بگرن.
به گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ی
مه‌عاریفی ئیسرائیلی به‌شدارانی كۆبوونه‌وه‌كه به باشیان زانیوه، كه بیر له هێزی سه‌ربازی له دژی توركیا نه‌كرێته‌وه، بگره له ڕێی سیاسه‌ت و بنیاتنان و داهێنان به ڕووی توركیا بوه‌ستنه‌وه، هاوكات ده‌ركردنی یاسا له په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاتانه بۆ ڕێگرتن له‌وه‌ی توركیا ببێت به خاوه‌نی فڕۆكه‌ی ئێف 35ی ئه‌مه‌ریكی، ڕێنه‌دان به دروستبوونی پردی به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكاوه له لایه‌ن ئه‌نكه‌ره.
ئۆهاد تال ئه‌ندامی كنێستی ئیسرائیلی به‌شداربووی كۆبوونه‌وه‌كه گوتی، له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو لاوازبوونی یه‌كجار زۆری میحوه‌ری شیعه‌ی ئێرانیمان بینی، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر میحوه‌ری سوننه به ڕابه‌رایه‌تی ئیخوان موسلیمین هه‌ژموونیان له ناوچه‌كه زیاتر بووه، ئه‌و ڕاستییه گریمانه و ئالنگاری نوێی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه و پرسی وزه و بازرگانی له نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه.
زیاتر گوتی، هاریكاری و كاركردنی به‌یه‌كه‌وه‌یی له نێوان ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان و ئه‌مه‌ریكا له دروستكردنی ژێرخانی گه‌وره له وڵاتانی ناوچه‌كه و كۆنتڕۆڵكردنی سه‌رچاوه سروشتییه‌كان و ته‌ناهی ناوچه‌كه ستراتیجێكه كه وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه و سنووردانان بۆ توركیا ده‌توانرێ كاری له‌سه‌ر بكرێت.
كۆنگرێسمانی كۆماری راندی باین كه به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه بووه ده‌ڵێ، له ساڵانی دوایی وتار و په‌یامی توركیامان له‌باره‌ی غه‌زه و سووریا و چالاكییه‌كانی زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جیهان بینی، ئه‌وه ڕوونه كه توركیا زیاتر له‌و چوارچێوه‌ی بۆی دانراوه هه‌نگاو ده‌هاوێژێ، له‌به‌ر ئه‌وه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگرین له‌وه‌ی توركیا ببێت به خاوه‌نی ئێف 35، بۆیه پێویست به هیچ گفتوگۆیه‌ك له نێو كۆبوونه‌وه‌ی ناتۆیش له‌وباره‌وه ناكات.
هه‌ریه‌ك له براد شنایده‌ر كۆنگرێسمانی ئه‌مه‌ریكا و دیمیریس كایریدیس په‌رله‌مانتاری یۆنانی، هاریس جۆرجیادس سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی قوبڕس له كۆبووه‌كه ئاماده‌بوون.