ئەمەریكا: چاوەڕوانی ئەنجامی دانوستانەكانین

:: PM:04:58:15/02/2026 ‌

بڕیارە هەفتەی داهاتوو دووەم گەڕی دانوستانە ناراستەوخۆكان لە نێوان ئێران و ئەمەریكا لە جنێڤ بەڕێوە بچێت، بەڕێوەچوونی ئەو دانوستانانە هاوكاتە لەگەڵ كۆكردنەوەی هێزێكی گەورەی سەربازیی ئەمەریكا لە كەنداو و هەڕەشەكانی بەوەی زۆر ئارام ناگرن بۆ رازیبوونی ئێران بە واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی وەك ئەمەریكا دەیەوێت، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە چاوەڕوانی ئەنجامی كۆبوونەوەكانن.

مارك رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، تا ئێستە سەرۆك ترەمپ رێگەچارەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران پێ باشترە، بۆیە باسی هێرشكردنە سەر ئێران ناكەم، روونی كردەوە، جیرارد كۆشنەر و ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بەنیازن چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەبارەی ئێران ساز بكەن و چاوەڕوانی ئەنجامەكانیان دەكەین. 

ئاماژەی كرد، بوونی سەربازیی ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپێناو پاراستنی سەرچاوەی وزە و دابینكردنی توانای پێویستە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر هێزەكانمان.

لای خۆیەوە عەبدولرەحیم مووسەوی سەرۆكی دەستەی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران رای گەیاند كە لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا نابەرپەرسیارانەیە و ئەو گومانی خستە نێوان دووهەڵوێستیی دژبەیەكی ترەمپ لە نێوان زمانی هەڕەشە و داوای گفتوگۆ، دووپاتی كردەوە كەئەگەر ترەمپ نیازی شەڕی هەیە، بۆچی باسی دانوستان دەكات؟

دووپاتی كردەوە كە پێویستە ترەمپ بیزانێت ئەگەر هاتە ناو شەڕ لەگەڵ ئێران، خۆی لەناو شەڕێك دەدۆزێتەوە كە دەبێتە پەند بۆی، بەشێوەیەك ئەنجامەكانی وای لێ دەكەن دەست لە هەڕەشەكردن لە دنیا هەڵبگرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل