ئێران: لە گفتوگۆ بەردەوام دەبین و ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرێك

:: PM:05:24:15/02/2026 ‌

ئێستە ئێران و ئەمەریكا لە دانوستانن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی، هاوكات هەردوولا دووپاتی دەكەنەوە كە لەگەڵ رێگەچارەی دیپلۆماسین و بژارەی سەربازیش دوور نییە، بەرپرسێكی باڵای ئێرانی دووپاتی كردەوە كە لە دانوستان بەردەوام دەبن، بەڵام بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادەن، پێویستە رەچاوی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئەمەریكا بكرێت.

حەمید قەنبەری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری دیپلۆماسیی ئابووری دەڵێت، بەرژەوەندییە هاوبەشەكان لە بوارەكانی نەوت و غاز و وەبەرهێنان لە كەرتی كانزاكان و تەنانەت كڕینی فڕكەش، خراونەتە ناو دانوستانەكانی ئێستەی ئێران و ئەمەریكا، ئەوەش بۆ مسۆگەریی بەردەوامبوونی هەر رێككەوتنێك، چونكە پێویستە ئەمەریكا سوود لە چەند لایەنێك ببینێت كە داهاتی گەورە و خێرای ئابووری هەیە.

ئاماژەی كرد، هەروەها پارە و سامانە بلۆككراوەكانی ئێران بەشێك دەبن لەهەر رێككەوتنێك، دەبێت پرۆسەی ئازادكردنیان كردەنی بێت و بتوانین بەكاریان بێنین، نەك تەنیا هەنگاوێكی كاتی و شێوەیی بێت، بۆیە دانوستانەكان بۆ گەیشتنە بە رێككەوتنێكی رژد. 

لای خۆیەوە مەجید تەخت روانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدارێكی "بی بی سی"، گوتی، ئێران ئامادەیە بۆ سازشكردن بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریكا ئەگەر ئەمەریكییەكان ئامادەبن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی لابردنی سزاكانی سەر ئێران، بەڵام ناكرێ دۆسیەی ئەتۆمی بە بابەتی تر ببەسترێتەوە، لەوانە بەرنامەی مووشەكی. 

روانچی دووپاتی كردەوە كە دووەم گەڕی دانوستانە ئەتۆمییەكان سێشەمی داهاتوو لە جنێڤ دێتە سازكردن، یەكەم گەڕی بەشێوەیەكی ئەرێنی بەڕێوە چوو، بەڵام هێشتا زووە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، ئەو قسانەی روانجی بەر لە گەڕی نوێی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا لە جنێڤ دێت، دووپاتی دەكاتەوە كە ئێرانی ئامادەیە نەرمی بنوێنێت بەرانبەر بە لابردنی سزاكانی سەری و تەنیا باسكردنی بەرنامەی ئەتۆمی.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل