فەرماندەی گشتیی هەسەدە و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە كۆبوونەوەیەكدا دووپاتیان لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق كردەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا دۆخی سووریایان تاوتوێ كرد.
ناوەندی راگەیەندنی هێزەكانی هەسەدە راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە داوە لە پەراوێزی كارەكانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەگەڵ یۆهان ڤادیفۆڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبووەتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەكانی دۆخی سووریا، رێگەكانی پاڵپشتیكردنی سەقامگیری و بەهێزكردنی هەوڵە هاوبەشەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كراوە.
هەروەها مەزڵووم عەبدی سوپاسی ئەڵمانیای كردووە بۆ رەخساندنی دەرفەتی بەشداریكردن لە كۆنفرانسەكە و پشتیوانیی بەردەوامی بەرلینی لە شەڕی دژی داعش بەرز نرخاندووە. هەروەها دووپاتی كردووەتەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 29ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ و بەدواداچوون بۆی، بە جۆرێك كە ببێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیری.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ستایشی رۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكراتی كردووە لە تێكشكاندنی داعش و پێزانینی خۆی بۆ ئەو رێككەوتنە دەربڕیوە كە بەدەستهاتووە و دووپاتی كردووەتەوە كە وڵاتەكەی هەموو هەوڵێك دەدات بۆ پشتیوانیكردنی ئەو رێككەوتنە و چاودێریكردنی جێبەجێكردنەكەی.