رۆبیۆ: پێویستە رێككەوتنی نێوان دیمەشق و كورد بێتە جێبەجێكردنن

:: PM:06:23:15/02/2026 ‌

دوای گۆڕانكارییەكانی سەرەتای ئەمساڵ تا ئێستە لە سووریا، كە لە لایەن ئەمەریكا لە رێگەی تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا و لبنان سەرپەرشتی دەكرا، بەتایبەتی پرۆسەی یەكخستنەوەی هەسەدە و ناوچەكانی كۆنترۆڵیان دەكات لەگەڵ حكوومەتی كاتیی سووریا لە رێگەی رێككەوتنێكی نوێ و جێبەجێكردنی بە گوشاری سەربازی، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە لە بەڕێوەچوونی دۆخی ئەو وڵاتە رازین.

ماركۆ رۆبیۆ لە میانی سەردانێكی بۆ سلۆڤاكیا رای گەیاند، بەو رەوتەی سووریا پێدا دەڕوات لە سایەی رێككەوتنی دەسەڵاتی دیمەشق و كورد رازین، ئەگەرچی هەندێك رووداو جێی نیگەرانی بوون، ئاماژەی كرد كە چەند رۆژێك زۆر بە نیگەرانی تێپەڕ بوون، بەڵام لە بەڕێوەچوونی كارەكان رازین و پێویستە پارێزگاری لەو بەڕێوەچوونە بكەین و چەند رێككەوتنێكی باش كراون و پێویستە رێككەوتنی نێوان دیمەشق و كورد بێتە جێبەجێكردن، ئەگەرچی ئەو كارە ئاسان نابێت.

دوێنێ شەموو لە پەراوێزی كۆنگرەی ئاسایشی میونیخ لە ئەڵمانیا، چەند دیدارێكی گرنگ بەڕێوە چوون، لەوانە لە نێوان مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا بە ئامادەبوونی مارك رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئەوان باسی پرۆسەی یەكخستنەوەی هێز و ناوچەكانیان كردەوە، جیا لە باسی مافی پێكهاتەكانی سووریا لەوانە كورد و درووز و بەشداریكردنیان لە پرۆسەی سیاسی و بەردەوامبوونی رووبەڕووبوونەوەی داعش.

لەوكاتەی رۆبیۆ دووپاتی كردەوە كە سەرۆك ترەمپ دۆسیەی سووریا و بابەتی یەكخستنەوەی و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان و نەهێشتنی تیرۆری خستووەتە پێشەوەی كارە گرنگەكانی، ئەمڕۆ یەكشەم فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق چاوی بە مەزڵووم عەبدی كەوت و باسی رێككەوتنی هەسەدە و دیمەشقیان كرد و دووپاتیان لە پاراستنی ئاسایشی و سەقامگیریی ناوچەكە و رێگرتن لە پەرەسەندنی دۆخەكە كردەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل