ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی هاوەڵی تارانیان بەرەو جنێڤی سویسرا جێ هێشت، ئەوەش بۆ بەشداریكردن لە دووەم گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریكا، لەوكاتەی هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە ستیڤ ویتكۆف و گارید كۆشنەر بۆ هەمان مەبەست روویان لە جنێڤ كردووە.
وەك ئاژانسی "میهر"ی ئێرانی گواستیەوە، سەردانەكەی عێراقچی بۆ سویسرا لە چوارچێوەی دەست پێكردنەوەی دانوستانەكان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، كە بڕیارە سێشەمی داهاتوو گەڕێكی تری دانوستان لە نێوان شاندەكانی ئێران و ئەمەریكا بەڕێوە بچێت، بە ناوەندگیریی عومان بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكانی هەردوولا و گەیشتن بە رێككەوتن.
وەك
ئاژانسەكە باسی كرد، وەزیری دەرەوەی ئێران لە كاتی بوونی لەو وڵاتە دیدار لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی وڵاتان ساز دەكات، لەوانە وەزیرانی دەرەوەی سویسرا و عومان و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ باسكردنی پەرەسەندنەكانی دۆسیەی ئەتۆمی و پرسی تری گرنگی هاوبەش.
لای خۆیەوە و هەر ئەمڕۆ ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە ستیڤ ویتكۆف نێردراوی سەرۆكی ئەمەریكا و گارید كۆشنەر خەریكی گەشتكردنن بۆ بەشداریكردن لە چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەبارەی ئێران، كە بڕیارە سێشەمی داهاتوو لە جنێڤ دوو گەڕی گفتوگۆكان لەبارەی ئێران و ئۆكراینا لەوێ بەڕێوە بچێت، بەیانییەكەی هەردوو شاندی ئێرانی و ئەمەریكا بە ناوەندگیریی نوێنەری عومان كۆ دەبنەوە.