نەتنیاهۆ مەرج بۆ هەر رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران دادەنێت

:: PM:08:49:15/02/2026 ‌

بڕیارە بەمنزیكانە دووەم گەڕی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا بە ناوەندگیریی عومان لە جنێڤ لە سویسرا بەڕێوە بچێت، هاوكات بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل چوار مەرج و داواكاری بۆ گەیشتن بە هەر رێككەوتنێك لەگەڵ تاران دیاری كردووە، واتە هەر رێككەوتنێكی ئێران و ئەمەریكا دەبێت ئەو چوار مەرجە لەخۆ بگرێت.

نەتنیاهۆ ئاماژەی كرد، وەستانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێران بەس نییە، بەڵكو پێویستە هەر رێككەوتنێك باسی لێكهەڵوەشانەوەی ژێرخانی ئەتۆمی و گواستنەوەی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە و مووشەكە بالیستییەكان و پاڵپشتیی بۆ میلیشیاكان لە ناوچەكە لەخۆ بگرێت. 

سەبارەت بە كەرتی غەزە نەتنیاهۆ بەڵێنی دا بەوەی جارێكی تر نابێتەوە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل، هیوای خواست پرۆسەی داماڵینی چەكی بزووتنەوەی حەماس بە ئاسانی بەڕێوە بچێت، دووپاتی كردەوە كە سوپای ئیسرائیل 150 كیلۆمەتریان لە تونێلەكانی حەماس هەڵوەشاندووەتەوە لە كۆی 500 كیلۆمەتر. 

لەوكاتەی نەتنیاهۆ دووپاتی كردەوە كە هەفتەی رابردوو بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكای راگەیاندووە كە دەبێت هەر رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئێران لێكهەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی ئەتۆمی ئەو وڵاتە لەخۆ بگرێت، نەك تەنیا وەستاندنی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی، تۆڕی "سی بی ئێس" دووپاتی كردەوە كە لە دیداری هەفتەی رابردوویان، ترەمپ بە نەتنیاهۆی راگەیاندووە كە پاڵپشتی لە هەر هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر بەرنامەی مووشەكی بالیستیی ئێران دەكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل