هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی بەڕێوەچوونی دووەم گەڕی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا لە جنێڤ، ئەمشەو نەتنیاهۆ چەند مەرجێكی بۆ هەر رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ تاران راگەیاند، لەوانە دەبێت باسی بەرنامەی مووشەكیی ئێران بكرێت، بەپێی تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس نیوز"ی ئەمەریكی، سەرۆكی ئەمەریكا بە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە كە لە حاڵەتی نەگەیشتن بە رێككەوتن، پاڵپشتی لە هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر بەنامەی مووشەكی ئێران دەكات.
وەك
تۆڕەكە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگەداری گواستەوە، لە میانی دیداری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە مانگی دیسێمبەری رابردوو، ترەمپ بە نەتنیاهۆی راگەیاندووە كە لە حاڵەتی شكستهێنانی دانوستانەكان و نەگەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ تاران، ئەو پاڵپشتی لە گورزێكی ئیسرائیلی بۆ بەرنامەی مووشەكی بالیستیی ئێران دەكات.
راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن كە ناوەندە سەربازی و هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا دەستیان بە گفتوگۆ لەبارەی میكانیزمەكانی پاڵپشتیكردنی ئەو هێرشەی ئیسرائیل كردووە، واتە چۆنیەتی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل و دیاریكردنی شوێنی سەلامەت بۆ هەڵفڕینیان.
بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانە هاوكاتە لەگەڵ كۆكردنەوەی هێزێكی زۆری دەریایی ئەمەریكا لە ناوچەكە، لە رێگەی هێنانی دوو فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن" و "یو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد" و ژمارەیەك كەشتیی بۆردمانكەر، ئەوەش لەگەڵ بەردەوامیی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا، كە بڕیارە سێشەمی داهاتوو دووەم گەڕی لە جنێڤ بەڕێوە بچێت.