جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە و چەند پرسێكی پێوەست بە عێراقیان تاوتوێ كرد.
فەرهاد ئەترووشی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی هەوڵەكان بۆ تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكان، پتەوكردنی پرۆسەی دیموكراسی و بەدیهێنانی خواستەكانی هاووڵاتییان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا فەرهاد ئەترووشی و سوودانی گرنگیی تەواوكاری و هاوئاهەنگی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن تاوتوێ كرد، بەتایبەت پشتیوانیكردنی كارەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەم قۆناغەدا.
ئەم هاوئاهەنگییە بە ئامانجی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی گەشەپێدان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەكان و پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی حكوومەتە بۆ زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، لەگەڵ ڕێكخستنی ئەولەویەتەكانی خەرجكردنی پارەی گشتی.