شارەزایەك: گوشارەكانی ئەمەریكا بەرەو گەمارۆدانی نەوتی ئێران دەچن

:: PM:06:16:16/02/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دووەم گەڕی دانوستانی ئێران و ئەمەریكا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بەمنزیكانە لە جنێڤ لە سویسرا، ئەمەریكا هێزێكی گەورەی سەربازی لە كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆ كردووەتەوە و ئێرانیش مانۆری سەربازی ئەنجام دەدات، لەو ناوەدا مەبەستێكی تری ئەمەریكا ئاشكرا دەبێت، رێگرتن لە هەناردەكردنی نەوتی ئێران بەرەو چین، وەك شارەزایەك باسی كاریگەرییەكانی دەكات.

زیاد هاشمی شارەزا لە ئابووریی نێودەوڵەتی ئاماژە دەكات كە بڕیارە نوێیەكەی ئەمەریكا، نوێكردنەوەی پیادەكردنی ستراتیجیەتی ئەوپەڕی گوشارە لەگەڵ ئێران، ئەوەش لە رێگەی كردنەئامانجی هەناردەكردنی نەوتی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی ئەوەی بۆ پاڵاوگە بچووكەكانی چین دەچێت كە بە "تیبووت" ناسراون.

روونی كردەوە، لە بەرانبەردا ئەو پاڵاوگە چینییانە بەدوای شوێنگرەوەیەك بۆ نەوتی قورس و ناوەندی ئێران دەگەڕێن، وەك نەوتی قورس و ناوەندی بەسرە، پەكین سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران رەت دەكاتەوە، بەڵام رەنگە بۆ خۆپاراستن لە لیبَكەوتەكانی پەنا بۆ كەمكردنەوەی كڕینی نەوتی ئێران ببات.

وەك مامەڵەكارانی نەوت باسی دەكەن، بازاڕی نەوت لە كەمبوونەوەی هاتنی نەوت لە ئێران ناترسن ئەوەندەی لە سناریۆی دروستبوونی شەڕ لە ناوچەكە ترسیان هەیە، چونكە مەترسیی راستەقینە بریتییە لە دروستبوونی پشێوی و ئاڵۆزی لە گەرووی هورمز و دروستبوونی كێشە بۆ هاتوچۆی نەوت بەرەو بازاڕەكان، ئەوكات باسی كەمبوونەوەی چەند سەت هەزار بەرمیلێكی رۆژانە نامێنێت و كار دەگاتە چەند ملیۆن بەرمیلێك، ئەوەش وا دەكات نرخی نەوت زۆر بەرز ببێتەوە و كار لە ئابووریی دنیا بكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل