بڕیار بوو ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە لە بەغدا بۆ باسكردنی هەردوو بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كۆ ببێتەوە، بەپێی سەرچاوەكان دانیشتنەكە دوا خراوە، پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق و سیاسەتوانی شیعە باسی چوار بژارە لەبەردەم چوارچێوە دەكات لەبارەی سەرۆك وەزیرانەوە.
د. نەدیم جابری پەرلەمانتار و سیاسەتوانی پێشووی شیعە و نزیك لە سەدرییەكان، لە پۆستێك لە لاپەڕەی خۆی دووپاتی كردەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند بژارەیەكی پێوەست بە كاندیدی سەرۆك وەزیران لەپێشە لەوانە:
یەكەم/ سووربوون لەسەر كاندیدكردنی نووری مالیكی، ئەگەرچی ئەو بژارە پێویستییەكەی نیشتمانییە، بەڵام باجێكی قورسی هەیە و رەنگە بگاتە قۆناغی لەناوبردنی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق.
دووەم/ پێدانی دووەم خولی سەرۆك وەزیران بە محەمەد شیاع سوودانی یان درێژكردنەوەی خولی ئێستە بۆ ساڵێك، ئەو بژارەش سەرەڕای ئەوەی كردەنییە، بەڵام رەنگە بەرەو راپەڕینێكی جەماوەریمان بە هاوشێوەی تشرین ببات، ئەوەش بەهۆی ئەو تەنگژە داراییەی دروست بووە لە دواكەوتنی مووچە و كەمكردنەوەی لە ئەنجامی سیاسەتە داراییەكان و باج كە حكوومەتەكەی پێڕەوی دەكات.
سێیەم/ رەنگە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەنا بۆ كاندیدی هاوبەش و سازان ببات، كە دەبێتە هۆی تێپەڕكردنی داخرانی سیاسی، بەڵام هاوكات هەمان شكستی پێشوو دووبارە دەكاتەوە.
چوارەم/ ئەگەر چوارچێوەی شیعە بیەوێ لەو تەنگژەی تێی كەوتووە رزگاری ببێت، پێویستە كەسایەتییەكی نیشتمانیی بەتوانا لە دەرەوەی چوارچێوەكە دیاری بكات، ئەگەر ئەوانیش نەیانتوانی دیاری بكەن، ئەوە چوار كاندیدی گونجاومان هەیە و دەكرێ پێشكەشیانی بكەین.