بەهۆی كێشەی مووچە و سیولەوە هەوڵی مێوانداریكردنی عەلاق دەدرێت

:: PM:09:00:16/02/2026 ‌

ئەم مانگە مووچە لە عێراق دوا كەوت و هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی سیولەی پێویستی دارایی گەڕێندرایەوە، دۆخەكە نیگەرانییەكی گەورەی لای خەڵك دروست كرد، بەتایبەتی كە هەندێك لە شارەزایان پێشبینیی دووبارەبوونەوەی دۆخەكە لە مانگەكانی داهاتوو دەكەن، ئەوە وای كردووە جموجۆڵێك لە پەرلەمانی عێراق سەر هەڵبدات بۆ مێوانداریكردنی پارێزگاری بانكی ناوەندی.

زوحا بەهادلی ئەندامی فراكسیۆنی نەهجی وەتەنی رای گەیاند كە جموجۆڵێكی پەرلەمان هەیە بۆ مێوانداریكردنی عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق بەهۆی دروستبوونی كێشەی سیولە و دواكەوتنی مووچە و روونكردنەوەی چۆنیەتی چارەسەركردنیان، مەبەست لەو هەنگاوە بۆ ئاگەداربوونی پەرلەمانتارانە لە هۆكاری كێشەی سیولە و چۆنیەتی چارەسەركردنی و ئاستی توانای سیاسەتی نەختێنەی ئێستە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان.

روونی كردەوە، جیا لە گەرەنتیدان لەوەی تەنگژە داراییەكان كاریگەری لەسەر مووچەی فەرمانبەران و پابەندییە داراییەكانی دەوڵەت دروست ناكەن، جیا لە ئاگەداربوون لە رێوشوێنەكانی بۆ مسۆگەریی سەقامگیریی بازاڕ و پاراستنی توانای كڕینی هاووڵاتییان وەرگیراوە، وادەی مێوانداریكردنەكەش لە لایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمان دێتە دیاریكردن.

شایەنی باسە چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار باسی ئەوە دەكەن كە تەنگژەی كەمیی سیولەی دارایی لە عێراق زیادی كردووە و ئەو داهاتەی ئێستەی دەوڵەت بەشی دابینكردنی مووچە لە داهاتوو ناكات، لە مانگەكانی رابردوو حكوومەت ناچار بووە بۆ راكێشانی 20 تریلیۆن دینار لە بانكی رافیدێن و 7 بۆ 8 تریلیۆن دنیار لە بانكی رەشید و 7 تریلیۆن دینار لە بانكێكی تر، جیا لە هەردوو بانكی پیشەسازی و كشتوكاڵی بۆ دابینكردنی پارەی پێویست بۆ مووچە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل