ئەترووشی: بەهۆی پێشێلكارییەكانی سەرۆكی پەرلەمان پەنا بۆ دادگا دەبەین

:: PM:10:53:17/02/2026 ‌

فەرهاد ئەترووشی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، سەرۆكی پەرلەمان بە تاكڕەوی لە وەرگرتنی بڕیارەكان و پێشێلكردنی سازانی سیاسی لە رێگەی پەلەكردن لە دەنگدان لەسەر هەندێك لە پلە تایبەتەكان و پۆستە هەستیارەكانی دەوڵەت تۆمەتبار دەكات، دووپاتی كردەوە كە بەرانبەر بەو پێشێلكارییانە پەنا بۆ دادگا دەبەن.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی، فەرهاد ئەترووشی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، ئەو هەنگاوەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاڵۆزكردنی دۆخی سیاسی و پشتگوێخستنی هاوبەشانی پرۆسەی سیاسییە لە عێراق، روونی كردەوە كە بەر لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی چەند كۆبوونەوەیەكی ساز كرد، رێككەوتن لەسەر بڕگەكانی كارنامەی دانیشتنەكە كرا، لەوانە هەمواركردنەوەی پێڕەوی ناوخۆیی بۆ یەكخستنی ژمارەیەك لیژنە و دیاریكردنی ناو و ئەرك و تایبەتمەندییەكانیان.

ئەترووشی رای گەیاند، بەداخەوە ئەوەی لە دانیشتنەكە رووی دا، زیادكردنی چەند بڕگەیەكی تر بوو كە رێككەوتنی لەسەر نەكرابوو، جیا لە پەلەكردن لە دەنگدان لەسەر چەند پۆستێكی هەستیار، لەوانە پۆستی سوپاسالار، بەشێوەیەك گومانی گەورە لای ئێمە و پێكهاتەكانی تر دروست دەكات، ئەوەی ئەمڕۆ رووی دا پێشێلكردنێكی زەقی مادەی نۆی دەستوور و بڕگەی دووی مادەی 37ی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بوو، پێشێلكردنی هاوبەشیی نیشتمانی و هاوسەنگی سیاسییە، كە بەهیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە، بۆیە ئەو دەنگدانەی ئەمڕۆ لە رووی یاسایی و ئیدارییەوە تەواو نییە.  

ئەترووشی دووپاتی كردەوە كە بەنیازین تەواوی رێوشوێنەی یاسایی و دەستوورییەكان بەرانبەر بەو پێشێلكارییانە بگرینە بەر، لەوانە پەنابردن بۆ دادگای عێراق. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل