ئەمڕۆ چوارشەم جوشوا هاریس كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق رای گەیاند كە هەموو ئامرازێك بەكاردێنن بۆ رووبەڕووبوونەوەی چالاكییە هەڕەشەئامێزەكانی ئێران لەسەر سەقامگیریی عێراق، دووپاتی كردەوە كە سەركردە عێراقییەكان كار لەسەر پەرەپێدانی چوارچێوەیەكی سەربەخۆی سیاسی دەكەن بەرژەوەندییەكانی وڵات پێش هەر شتێكی تر بخات.
بەپێی بەیاننامەیەكی باڵوێزخانەی ئەمەریكا كە لە تۆڕی ئێكس بڵاو كرایەوە، ئەمڕۆ چوارشەم هاریس گفتوگۆ و راوێژی لەگەڵ سەركردەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پتەوكردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و پاراستنی سەروەریی عێراق و بەهێزكردنی سەقامگیریی ناوچەكە و وابەندییە ئابوورییەكان كردووە.
بەیاننامەكە دووپاتی لە پابەندیی ئەمەریكا بە پاڵپشتیكردنی عێراقێكی خاوەن سەروەری تەواو و سەقامگیر و گەشەسەندوو كردەوە، هەروەها بە بنیاتنانی هاوبەشییەكی بەهێز و بەردەوامی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەو شێوەی سوودی دیاری بۆ ئەمەریكایی و عێراقییەكان هەبێت.
سەبارەت بە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، هاریس ئاماژەی كرد، ئەمەریكا ئامادەیە بۆ بەكارهێنانی تەواوی ئامرازەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چالاكییەكانی ئێران كە سەقامگیری لە عێراق دەشێوێنن، لەو كاتەی كە سەركردەكانی عێراق كار لەسەر پەرەپێدانی چوارچێوەیەكی تەواو سەربەخۆی سیاسی دەكەن كە بەرژەوەندییەكانی عێراق بخاتە سەرەتاوە.