دوای راگەیاندنی كاندیدكردنی نووری مالیكی لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی و تویتەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكی بە رەتكردنەوەی كاندیدبوونی، دۆحی ناو ماڵی شیعە شلۆقە و ئەوان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوونە، لە ماوەی دوایی چەند پەیامێكی تری هەڕەشەی ئەمەریكا گەیشتە شیعە، بۆیە هەوڵی تەواو دەدەن نووری مالیكی بە كشانەوە لە كاندیدبوون رازی بكەن.
چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژەیان كرد كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێكهێنانی حكوومەتی نویبَی عێراقی بۆ مانگێكی تر دوا خستووە، ئەوەش بەهۆی ئەو داخران و تەنگژە سیاسییەی لە عێراق سەری هەڵداوە، دوای رەتكردنەوەی مالیكی، تاكە كاندیدی شیعە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ كشانەوە و شكستهێنانی چوارچێوەكە لە رازیكردنی بە كشانەوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەك پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بۆ دوای جەژنی رەمەزان و كۆتای مانگی ئاداری داهاتوو دوا دەخرێت، لەو ماوەیە تەواوی هێزە سیاسییەكان دەچنە دۆخی بەرۆژووبوونی سیاسی و دۆسەی پێكهێنانی حكوومەت چاوەڕوانی بڕیاری كشانەوەی مالیكی دەكات.
هەر بەپێی سەرچاوەكان ئێستە تاكە بژارەی بەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی كشانەوەی خۆویستانەی مالیكییە، چونكە ئەوان ترسیان لە گۆڕینی هەیە، تا ئێستەش ئەو هێزانەی مالیكیان كاندید كردووە، لە عێراق و ئێران، هەوڵی رازیكردنی ئەمەریكا دەدەن، كەچی ئەمەریكا زۆر وریایە بەرانبەر بە گەڕانەوەی مالیكی بۆ دەسەڵات.
بەپێی سەرچاوەكان ئەوەی ئێستە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق روودەدات، دواخستنێكی بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی عێراقە لە چاوەڕوانی دەركەوتنی ئەنجامی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا و هاتنی گڵۆپی سەوز لە تاران لەبارەی مالیكییەوە.