دوو بەرپرسی عێراقی و ئەمەریكی رایان گەیاند كە ئەمەریكا ژمارەی فەرمانبەرانی دیپلۆماسیی خۆی لە نێردەكانی لە عێراق و ژمارەیەك لە وڵاتانی كەنداو كەم كردووەتەوە، جیا لە وەرگرتنی چەند رێوشوێنێكی خۆپارێزی بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، بێ ئاشكراكردنی وردەكاریی زیاتر لەبارەی قەبارە و سروشتی كەمكردنەوەكە.
روونیان كردەوە، كەمكردنەوەكە كارمەندانی لە چەند شوێنێك گرتووەتەوە، لەوكاتەی كاركردنی لە نێردەكانیتر بەردەوامە لەگەڵ كەمكردنەوەی ژمارەی تیم و چالاكییە ناسەرەكییەكان، هاوكات لەگەڵ ئەو زانیارییانە، بەرپرسێكی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق رەتی كردەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە بكات و تەنیا ئاماژەی كرد كە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر كراوەن و كارەكانیان ئاسایی بەڕێوە دەچێت.
سەبارەت بەر پرسیارێك لەبارەی دۆخی سەربازی بەرپرسێكی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا گوتی، سوپای ئەمەریكی قسە لەسەر هەڵسوكەوتی سوپا و دۆخی هێزە سەربازییەكان ناكات و ئەو بابەتانە پێوەندییان بە ئاسایشی ئۆپراسیۆن و سەلامەتیی سەربازییەوە هەیە.
هاوكات لەگەڵ ئەو قسانە، چەند پایەتەختێكی دنیا وریاییان بۆ هاووڵاتییانیان زیاتر كرد بەوەی گەشت بۆ ئێران نەكەن و ئەوانەشی لەوێن بگەڕێنەوە، لەوانە سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا داوای لە هاووڵاتییانی كرد بەپەلە ئێران جێبێڵن، و وریایی لە پەرەسەندنی خێرای دۆخەكە دا.