دوای راپۆرتێك كە باسی ئەوەی كرد حكوومەتی كاتیی سووریا دانیشتووانی كەمپی هۆل، كە خێزانی چەكدارانی گیراوی داعشن، بەرەو كەمپێكی تر دەگوازرێنەوە، راپۆرتێكی تری ئەمەریكی باسی ئەوە دەكات، لایەنێكی نەناسراو گیراوانی داعش لە كەمپەكە بەرەو شوێنی نادیار دەگوازرێتەوە.
راپۆرتێكی تۆڕی
"فاینانشیەڵ تایمز"ی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات كە لایەنێكی نادیار بە قاچاغ گیراوانی داعش لە كەمپی هۆل بە پاس و ئۆتۆمبێل و بە كاروانی گەورە دەگوازێتەوە، بە قسەی ژمارەیەك لە هەڵاتووان لە كەمپەكە و كارمەندانی رێكخراوەكان، ژمارەیەك چەكدار هاتوونەتە ناو كەمپەكە و داوایان لێ كردوون بەخێرایی كەمپەكە جێبێڵن.
روونیان كردەوە، بە شەو ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێل دەستیان بە باركردنی گیراوان لە كەمپەكە كرد بۆ گواستەنەوەیان بۆ شوێنی تر، دەركەوت بەشێك لە خێزانە گیراوەكانی كەمپەكە بۆ شاری ئیدلب گوازراونەتەوە و لەوێ شوقەیان بۆ گیراوە و ژمارەیەكیشیان بۆ عێراق گوازراونەتەوە.
وەك راپۆرتەكە باسی كرد، ئێستە كەمپی هۆل چۆڵ كراوە، ئەوەش دوای هەڵاتنی دانیشتووانی بە شەو و بە ئاسانكاریی لایەنی نەناسراو، تۆڕەكە وریایی لە ئەنجامە مەترسیدارەكانی ئەو كارە لەسەر ئاسایشی ناوچەكە دا، بەتایبەتی بەشێكیان روویان لە چەند ناوچەیەكی سووریا و عێراق كردووە.
سێشەمی رابردوو فادی قاسم بەرپرسی راسپێردراو لە لایەن حكوومەتی سووریا بۆ بەرێوەبردنی كارەكانی كەمپی هۆل گوتی، خەمڵاندنمان بۆ پێویستییەكانی كەمپەكە كردووە و بۆمان دەركەوت كە بنەما سەرەكییەكانی نیشتەجێبوونی تیادا نییە، بۆیە بڕیارمان دا بەپەلە دانیشتووانی ئەو كەمپە بۆ كەمپەكانی حەلەب بگوازینەوە، كە بۆ نیشتەجێكردنیان ئامادەیە.
روونی كردەوە، لە ماوەی هەفتەیەك تەواوی كەمپی هۆل چۆڵ دەكرێت و هیچ كەسی تیادا نامێنێت، گواستنەوەی ئەوان لەمڕۆوە دەستی پێ كردووە، سەرچاوەیەكیش لە حكوومەتی كاتیی سووریا ئاماژەی كرد كە وەزارەتی فریاگوزاری و ئیدارەدانی كارەساتەكان ئێستە كار لەسەر چۆڵكردنی كەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەكە و گواستنەوەی دانیشتووانی بۆ كەمپێك لە ئەختەرین لە باكوری حەلەب دەكات.