باڵوێزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بەغدا لە ئەكاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی ئێكس، دوو وێنەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكای بڵاو كردووەتەوە كە لەسەر وێنەكان بە ئینگلیزی و عەرەبی، پەیامێكی ترەمپیان لەسەر نووسراوە و دووپاتی لەوە كردووەتەوە، ترەمپ ڕێگە نادات ئێران بەردەوام بێ لە تێكدانی ئارامی تەواوی ناوچەكە.
لەسەر وێنەكەی دۆناڵد ترەمپ بە ئینگلیزی و عەرەبی نووسراوە، سەرۆك ترەمپ ڕوون بوو و دووپاتی كردەوە كە ڕژێمی ئێران ناتوانێ بەردەوام بێ لە تێكدانی ئارامی تەواوی ناوچەكە.
ئەو پەیامەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە كە لە ڕۆژانی ڕابردوویش، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا دووپاتی كردەوە كە تەواو ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی ئێران لە ناوچەكە. هاوكات جووڵەكانی باڵوێزخانەكە لە عێراق لە دژی گرووپە بەكرێگیراوەكانی سەربە ئێران و گەیاندنی پەیامی هۆشداریی بە سەرانی شیعە، بە دانانی مالیكی وەك كاندیدی نزیك لە ئێران بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەت لەلایەن ئەمەریكاوە قبووڵكراو نییە.
ئەو جووڵانەی باڵوێزخانەكە هاوتەریبە لەگەڵ هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری فڕۆكەی جەنگی ئەمەریكا بۆ ناوچەكە، گەیشتنی دووەم كەشتی فڕۆكەهەڵگری ئەمەریكا بۆ ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست.