رۆژنامەیەك: 20 هەزار كەس لە كەمپی هۆلەوە هەڵاتوون

:: PM:05:26:21/02/2026 ‌

لە دوای ئەو گوشارە سەربازییەی خرایە سەر هەسەدە بۆ رادەستكردنی بەشێكی زۆری ناوچەكانی ژێر دەستی لە سووریا بۆ حكوومەتی كاتیی ئەو وڵاتە، گرتووخانەكانی داعش و كەمپی هۆل خرایەوە ژێر دەستی دیمەشق، واشنتن هەزاران گیراوی داعشی رەوانەی گرتووخانەكانی عێراق كرد، رۆژنامەیەك ئاماژە دەكات كە هەزاران لە خێزانەكانی داعش لە كەمپی هۆل هەڵاتوون.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئاماژە دەكات كە هەواڵگریی ئەمەریكا پێی وایە لە نێوان 15 بۆ 20 هەزار كەس، لەوانە ئەندامانی رێكخراوی داعش، لە كەمپی هۆلەوە بۆ ناوچەكانی تری ئەو وڵاتە و عێراق و توركیا هەڵاتوون.

رۆژنامەكە لە بەرپرسانی ئەمەریكی گواستەوە، لە چەند هەفتەی دوایی دۆخی تەناهیی كەمپی هۆل لە دوای كشانەوەی هێزەكانی هەسەدە كە پاسەوانیی كەمپەكەیان دەكرد و رادەستی هێزەكانی سورویایان كرد، بەتەواوەتی تێك چووە و هەزاران لە گیراوان لە كەمپەكە هەڵاتوون و چونەتە ناوچەكانی تری سووریا و هەندێكیشیان گەیشتووەنەتە عێراق و توركیا.

رۆژنامەكە ئاماژە دەكات كە تا ئێستە دیار نییە كێ یارمەتی ئەوانی داوە بۆ هەڵاتن لە كەمپەكە، بەڵام ژمارەیەك بەرپرسانی حكوومەتی سووریا دووپاتی دەكەنەوە كە هۆزەكانی هاوكار لەگەڵ داعش ئەو كارەیان ئەنجام داوە، ئەو كەمپەی ساڵانێكە هەزاران لە خێزان و منداڵی داعش و گیراوانی رێكخراوەكەی لەخۆ كگرتووە و لەژێر پاسەوانیی هەسەدەدا بوون. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل