ئێستە ئێران لە خراپترین دۆخیدایە، ئەمەریكا لە هەموو لایەكەوە گوشاری خستووەتە سەر، لە ئابووری و دارایی و نەوت و دیپلۆماسییەوە، لە ناوخۆی وڵاتەكەش بەهۆی دەیان تەنگژەی قووڵەوە ناڕەزایەتییەكان بەردەوامن، بەپێی میدیاكانی ئێران ئەمڕۆ شەموو بەهۆی ناڕەزایەتیی قوتابیانەوە ژمارەیەكیان بریندار بوونە.
وەك لە
هەواڵەكان باس كراوە، ژمارەیەك لە قوتابیانی سەنعەتی شەریف لە تاران و زانكۆی تاران، كردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ساز كرد و بەشداران چەند درووشمێكی دژ بە حكوومەتیان گوتەوە، لەوكاتەی ئەندامانی باسیجی ئێرانی دەورەی ئەوانیان دابوو، ژمارەیەك قوتابی لایەنگری حكوومەتیش هەر لەو ناوچە دروشمی دژ بەوانیان دەگوتەوە.
وەك لە راپۆرت و تۆمارە ڤیدیۆییەكان دیارە، لەو گردبوونەوە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان قوتابیانی ناڕازی و لایەنگران بۆ حكوومەت و هێزە تەناهییەكان دروست بوو، هەر لەو ناوەدا بەپێی راپۆرتەكان نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەموو لە یەكەم رۆژی دەست پێكردنی دەوام لە زانكۆكان، گردبوونەوەی قوتابیانی ژمارەیەك زانكۆ ساز كرا.
شایەنی باسە لە ماوەی سەرتای ئەمساڵەوە ناڕەزایەتییەكی فرەوان ئێرانی گرتەوە، كاتێك خەڵكێكی زۆری ناڕازی بە هۆی خراپیی دۆخی دارایی و بژێوییەوە رژانە سەر شەقامەكان و لە لایەن هێزە تەناهییەكانی ئێران زۆر بەتوندی وەڵامیان درایەوە هەزارانیان لێ كوشتن و بریندار كردن و هەزارانیشیان گیران.