شمەری: واشنتن بەرەو رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق هەنگاو دەنێت

:: PM:09:53:21/02/2026 ‌

ئەمەریكا سەری خستووەتە سەر عێراق و دەیەوێ ئەو باوەڕە ئاوەژوو بكاتەوە كە دەڵێ بە رووخاندنی رژێمی پێشوو، واشنتن بەغدای لەسەر دەفرێكی زێڕ پێشكەشی تارانی كرد، شارەزایانی سیاسی پێیان وایە ئەمەریكا لە 2003 سیستمی سیاسیی عێراقی دامەزراندووە و ئەورۆش بەرەو داڕشتنەوەی پرۆسەكە بەو شێوەی دەیەوێت هەنگاو دەنێت.

د. ئیحسان شمەری سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسییانە دەڵێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی لە دەستوەردانی راستەوخۆ لە دۆسیەی عێراق بەدوور دەگرێت وەك ئەوەی واشنتن دەیكات، ئەو ئاوڕدانەوەی ئێستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق، بەرجەستەی دانانی عێراق بە گرنگیی لەپێشینە بۆ ئەمەریكا دەكات، لەگەڵ بوونی ئاراستەیەكی روون بە وەرگرتنەوەی عێراق و دەرهێنانی لە بازنەی ئێران. 

روونی كردەوە، ئەو گۆڕانە سیستمی سیاسی لە عێراق دەخاتە بەردەم ئاڵنگاریی خۆگونجان لەگەڵ ئەو دیدە نوێیەی ئەمەریكا، ئێستە ئەمەریكا دیدێكی دیاریكراوی لەبارەی كەسی سەرۆكی وەزیرانی داهاتوو هەیە لەسەر بنەمای روون، دیارترینیان نزیكنەبوونی لە ئێران، لەسەر هەردوو ئاستی سەرۆكی حكوومەت و كابینە ویزارییەكەی.

شمەری لەبارەی هەڵوێستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرانبەر بە ویستە نوێیەی ئەمەریكا و كاردانەوە بەرانبەری، بەتایبەتی سووربوونی لەسەر كاندیدكردنی نووری مالیكی، پێی وایە لە كۆتادا چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەڵامی گوشارەكانی ئەمەریكا دەداتەوە، بەڵام بەشێوەیەك لێكەوتەی گەورەی سیاسی لێ نەكەوێتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل