شەوی رابردوو سووریا شەوێكی خوێناوی و پڕ لە ترس و ئاڵۆزیی بەڕێكرد

:: PM:12:38:22/02/2026 ‌
شەوی رابردوو سووریا، شەوێكی خوێناوی و پڕ لە ترس و ئاڵۆزیی بەڕێكردووە و 11 تاوان و روداوی تەناهیی جۆراوجۆر تۆماركراوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی هاوار لە پارێزگای حومس، زنجیرەیەك كارەساتی یەك لەدوای یەك رویاندا، لەوانە گیانلەدەستدانی منداڵێك بەناوی "بەرا‌‌و" بەهۆی شێلانی لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی تەناهییەوە، هەروەها  كوژرانی گەنجێك بەناوی "قەیس خەدوور" لەناو دوكانەكەیدا.

یەكێكی تر  لە دڵتەزێنترین روداوەكان، خۆكوشتنی كچە گەنجێك بوو بەناوی "جولیا ئەلسالم" كە دوای رفاندنی باوكی و بینینی گرتە ڤیدیۆییەكانی ئەشكەنجەدانی، خۆی لە باڵكۆنی ماڵەكەیان فڕێداوەتە خوارەوە.

ئاژانەسە ئاماژەی بەوەكردووە، توندوتیژییەكان روویان لە هێزە تەناهییەكان و میدیاكارانیش كردووە، لە گوندەكانی رەقە و ناوچەی سلۆك، چوار كارمەندی هێزەتەناهییەكان و سەربازی لە ئەنجامی هێرشی چەكداری كوژران.

هەروەها دۆزینەوەی تەرمی رۆژنامەنووس "عەلا محەمەد"، لە ماڵەكەی خۆیدا، كە شوێنەواری فیشەك بە جەستەیەوە بووە، روداوێكی تری شەوی رابردی سووریا بووە.

ئەم شەپۆلە نوێیەی توندوتیژی لە پارێزگاكانی دێرەزور، حومس و رەقە، نیشانەیەكی مەترسیدارە بۆ تێكچوونی زیاتری باری تەناهیی و بێدەسەڵاتی لایەنە پێوەندیدارەكان لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و جڵەوكردنی ئەو پاشاگەردانییەی باڵی بەسەر سووریادا كێشاوە.



وشە - سۆران عەزیز