كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە رای گەیاند، راپۆرتەكەی پەرلەمانی توركیا هەڵەو كەموكوڕی جەوهەری تێدایە و لە ناوەڕۆكە سیاسییەكەی بەتاڵ كراوەتەوە.
كەجەكە لە دوای ئامادەكردنی راپۆرتەكەی پەرلەمانی توركیا، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە رای گەیاند، راشكاوانە باسی كێشەی كوردی نەكردووە، بۆیە كێشەیەك باس نەكرێت، چارەسەر ناكرێت.
هاوسەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، رەخنە لەو راپۆرتە دەگرێت كە لەلایەن لیژنەی پەرلەمانەوە لەبارەی "پرسی كورد" دەرچووە.
كەجەكە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە: لە دیارترین كێشەكان خۆبەدوورگرتنە لە بەكارهێنانی راشكاوانەی دەستەواژەی "پرسی كورد"، سەرەڕای ئەوەی ئەو لیژنەیە بۆ چارەسەركردنی لێكەوتەكانی پێكهێنراوە، كێشەیەك باس نەكرێت، ناكرێ چارەسەر بكرێت، ئەوەش رەنگدانەوەی بەردەوامی مامەڵەی تەناهییە لەبری ددانان بەوەی پرسێكی سیاسی مێژوویی پێوەست بە مافەكانی گەلی كوردە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، لە راپۆرتەكەدا چەندان جار دەستەواژەی "تیرۆر" بەكار دەهێنرێت، كە گفتوگۆكە لە چوارچێوەیەكی تەناهییدا دەهێڵێتەوە و رێگری دەكات لە چارەسەركردنی رەگوڕیشەی هۆكارەكانی ململانێكان.
پێداگریشیان كردووە لەوەی هەر پێشكەوتنێك بەرەو چارەسەر، پێویستی بە تواناداركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان هەیە بۆ ئەوەی رۆڵێكی كارا لە پرۆسەی سیاسیدا بگێڕێت.