دەسەڵاتدارانی توركیا رۆژنامەنووسێكی دەستەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئەڵمانیا "دۆچەفیلە" دەگرن، ئەوروپاش لەو كارەی توركیا تووڕەیە.
داواكاری گشتیی ئیستانبوڵ بڕیاری گرتنی بۆ ئەلیكان ئۆلوداغ دەركرد كە نووسینی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دژی حكوومەت بڵاو كردووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی دۆچەفیلە بڵاوی كردەوە، ئەو بابەتەی بڵاو كراوەتەوە نزیكەی ساڵ و نیوێك پێشتر بووە كە ئەو رۆژنامەنووسە، رەخنەی لە رێكارەكانی حكوومەتی توركیا بۆ وەرگرتنەوەی تۆمەتباران گرتووە.
سانشیز ئومۆر بڕیاردەری پەرلەمانی ئەوروپا بۆ كاروباری توركیا دەڵێت، پێوەرەكانی دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین لە توركیا پاشەكشەی كردووە، ئەوەش جێگەی نیگەرانی و بێهیواییە.
لە دوای گرتنی ئەو رۆژنامەنووسە ئیرۆل ئەندرۆغلو نوێنەری پەیامنێرانی بێ سنوور رای گەیاند، گرتنی ئەلیكان بەشێكە لە پرۆسەی بەكارهێنانی دادگا دژ بە رۆژنامەنووسانی بوێر.
رێكخراوەكە سەركۆنەی ئەو جۆرە چاودێرییە دەكات و بە پێشێلكردنی ئازادییەكان ناوی دەبات.