بەرپرسێكی ئەمەریكی: بۆ دانوستانی داهاتوو چاوەڕوانی پێشنیازێكی ئێرانین

:: PM:07:00:22/02/2026 ‌

هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوەی كە گورزێكی سەربازیی ئەمەریكا بۆ ئێران نزیك بووەتەوە، ئێران گرەو لەسەر ئەوە دەكات كە سەرۆكی ئەمەریكا لە شەڕ دوودڵە و نایەوێ بچێتە ناو شەڕێك لە ناوچەكە و وڵاتانی ناوچەكەش گوشاری لەسەر دەكەن بۆ هێرش نەكردن، بەڵام پێداگریی ئێران وای كردووە ئەگەر شەڕ و هێرشێكی كتوپڕی ئەمەریكا نزیك ببێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی رای گەیاند كە دانوستانكارانی ئەمەریكی ئامادەن بۆ گەڕێكی نوێی دانوستانەكان لەگەڵ ئێران لە رۆژی هەینی داهاتوو لە جنێڤ لە سویسرا، ئەوە ئەگەر ئەمەریكا پێشنیازێكی تێروتەسەڵ لەبارەی رێككەوتنێكی ئەتۆمی لە 48 سەعاتی داهاتوو لە ئێرانەوە بەدەست بگات.

روونی كردەوە، ئەگەر ئێران رەشنووسی پێشنیازەكە پێشكەش بكات، ئەمەریكا ئامادەیە بۆ كۆبوونەوە لە جنێڤ لە هەینی داهاتوو بۆ دەستكردن لە گفتوگۆیەكی تێروتەسەڵ بۆ زانینی ئاخۆ دەكرێ بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی بگەین، رەنگە لە گفتوگۆكان باسی ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتنێكی كاتی بكرێت، بەر لە گەیشتن بە رێككەوتنێكی تەواو. 

ئەو بەرپرسە روونی كردەووە كە راوێژكارەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رایان گەیاند كە ئەگەری هەیە ئەو شێوازی مامەڵەكردنی لەهەر كاتێك بەرەو وەشاندنی گورزێك لە ئێران بگۆڕٍێت، ئەگەرچی بەشێك لە تیمەكەی رێنوێنی دەكەن كە ددان بەخۆیدا بگرێت، لەوانە ویتكۆف و كۆ‌وشنەر داوایان لێ كردووە بواری زیاتر بە رێگەچارەی دیپلۆماسی بدات بەر لە بڕیاری هێرشی سەربازی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل