خەریكە ئەمەریكا لە یەكلاكردنەوەی چۆنیەتی مامەڵكەدن لەگەڵ تاران نزیك دەبێتەوە، دوای ئەوەی سەرۆكی ئەو وڵاتە 10 بۆ 15 رۆژی بۆ ئێران دیاری كرد بۆ یەكلاكردنەوەی نیازی خۆی بۆ رێككەوتن، بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەگەر لە 48 سەعاتی داهاتوو پێشنیازێكی ئەتۆمیان لە ئێرانەوە بەدەست بگات، گەرێكی تری دانوستان دەست پێ دەكات، لەو ناوەدا ئەنقەرە دەڵێت، هەوڵی رێگریكردن لە هێرشكردنە سەر ئێران دەدەن.
ئەمڕۆ یەكشەم لە دیداری ژمارەیەك میدیا لە ئیستەنبووڵ،
نوعمان قورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دووپاتی كردەوە، توركیا هەموو هەوڵێكی دیپلۆماسی بۆ رێگریكردن لە هێرشێكی گریمانكراو بۆ سەر ئێران دەدات، ئەوە لەوكاتەی توركیا لەپاڵ چەند وڵاتێكی عەرەبی هەوڵی دەست پێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێرانیان دا.
لە سەرەتای ئەم مانگە بڕیار بوو دانوستانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ئیستەنبووڵ بە ئامادەبوونی ژمارەیەك وڵات وەك چاودێر بەڕێوە بچێت، جیا لە دۆسیەی ئەتۆمی، لەو گفتوگۆیانە باسی بەرنامەی مووشەكیی تاران بكرێت، توركیا دەستپێشخەرییەكی بۆ گفتوگۆكان و مووشەكەكانی ئێران هەبوو بۆ رێگرتن لە هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، بەڵام رابەری باڵای شۆڕشی ئێران بەوە رازی نەبوو.
رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی لە سەرچاوەیەكی لە ئەنقەرە گواستەوە كە توركیا دەستپێشخەرییەكی نوێی لە دەرەوەی رێككەوتنەكان بۆ گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا خستبووە روو، باسی ئەوە دەكات كە چارەسەرێكی ناوەند بۆ بەرنامەی مووشەكیی ئێران بدۆزرێتەوە و مەودای مووشەكە بالیستییەكانی ئێران بەو شێوە كەم بكرێتەوە كە نەگەن بە خاكی ئیسرائیل.
بەپێی سەرچاوەكان، ئەو چارەسەرەی توركیا تەوەرێكی گفتوگۆكانی ئیستەنبووڵ بوو، كە ئەمەریكا و ئیسرائیل پێی رازی بوون، بەڵام عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران پێی رازی نەبوو و داوای كرد گفتوگۆكان بۆ عومان بێنە گواستنەوە، ئەوەش وای كرد ناوەندە دیپلۆماسییەكان لە ئەنقەرە پێشبینیی زیادبوونی ئەگەری هێرشێكی سەربازیی ئیسرائیلی یان ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بكەن.
بەپێی دەستپێشخەرییەكەی توركیا، گفتوگۆیەكی راستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران دەكرا، هەرچی بابەتەكانی ترە وەك پیتاندنی یۆرانیۆم و مووشەكە بالیستییەكان و میلیشیاكان و كاریگەرییان لەسەر وڵاتانی ناوچەكە، دەكرێ بێنە باسكردن، بەڵام خامنەیی رەتی كردەوە وڵاتانی ناوچەكە بەشداری گفتوگۆكان بكەن و سوور بوو لەسەر گفتوگۆ تەنیا لەگەڵ ئەمەریكا و گواستنەوەی شوێنی گفتوگۆكان بۆ عومان.