ئێران بە نهێنی مووشەكی پێشكەوتوو لە رووسیا دەكڕێت

:: PM:08:17:22/02/2026 ‌

 هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانە ئەتۆمییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا، ئەمەریكا لە كۆكردنەوەی هێزی سەربازی لە كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە و ئێرانیش لە خۆپڕچەككردن بەردەوامە، بەپێی نوێترین بەڵگەنامەی دزەپێكراو، تاران گرێبەستێكی نهێنی لەگەڵ رووسیا كردووە بۆ كڕینی هەزاران مووشەكی پێشكەوتووی سەر شان بە بەهای زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار.

وەك رۆژنامەی "فاینانشیەڵ تایمز"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە، بەپێی بەڵگەنامە رووسیە دزەپێكراوەكان و چەند سەرچاوەیەك، ئێران دەستەوارەیەكی نهێنی چەكی بە بەهای 500 ملیۆن یۆرۆ، دەكاتە 589 ملیۆن دۆلار، لەگەڵ رووسیا واژوو كردووە بۆ كڕینی هەزاران مووشەكی پێشكەوتووی سەر شان، رێككەوتنەكە لە كانوونی یەكەمی رابردوو لە مۆسكۆ واژوو كراوە و دەبێت رووسیا لە ماوەی سێ ساڵدا 500 یەكەی هەڵدانی سەر شان لە جۆری " Verba " و 2500 مووشەكی جۆری " M336" رادەستی ئێران بكات. 

دزەكردنی ئەو بەڵگەنامانە هاوكاتن لەگەڵ دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی، هاوكات كۆكردنەوەی هێزێكی گەورەی ئەمەریكییە لە كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەگەری شكستهێنانی دانوستانەكانی ئێستە لە نێوان هەدوو وڵات بەڕێوە دەچێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل