عێراقچی: رەنگە پێنجشەم لە جنێڤ لەگەڵ ئەمەریكا كۆ ببینەوە

:: PM:08:42:22/02/2026 ‌

شارەزایان پێیان وایە هێرشی سەربازیی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران نزیك بووەتەوە، ئەگەرچی ئەمەریكا لەگەڵ ئەوەیە بێ شەڕ ئێران سازشی بۆ بكات و رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی بەو جۆرەی دەیەوێ واژوو بكەن، بەڵام تا ئێستە ئێران بەوە رازی نییە، دوای ئەو هەواڵانەی باسی دەكەن ئەمەریكا مەرجی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران داناوە، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت تا ئێستە بواری چارەسەری دیپلۆماسی ماوە و رەنگە پێنجشەمی داهاتوو كۆ ببنەوە.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكی بۆ تۆڕی "سی بی ئێس"، دووپاتی كردەوە كە بواری رێگەچارەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمەریكا هەیە و تاكە رێگەشە، ئەگەر ئەمەریكا بیەوێ مەترسییەكانی نەهێڵێت، دووپاتی لە ئەگەری كۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤ ویتكۆف نێردراوی ئەمەریكا لە جنێڤ لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ كاراكردنی رەوتی دانوستانەكان كردەوە.

عێراقچی ئاماژەی كرد كە ئەو گردبوونەوە سەربازییەی ئەمەریكا لە ناوچەكە ئێران ناترسێنێت و پێویست ناكات، ئێران بە بەردەوام ئاشتییانەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی دووپات كردووەتەوە، هاوكات كار لەسەر پێشنیازی رێككەوتنێكی ئەتۆمی دەكات و دەستی بە مافی بە پیتاندنی یۆرانیۆم وەك ئەوەی لە پەیماننامەی قەدەغەی چەكی ئەتۆمی هاتووە گرتووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە دەكات، ئەگەر هێرشی بكرێتە سەر، ئێران مافی هەیە بەرگری لەخۆی بكات و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بكاتە ئامانج، مووشەكەكانی ئێمە ناگەن بە خاكی ئەمەریكا، بۆیە بنكە سەربازییەكانی لە ناوچەكە دەكەینە ئامانج.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل