وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە رای گەیاند: "بە بایەخێكی زۆرەوە چاودێریی ئەو لیست و نەخشانە دەكەین كە عێراق ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە. ئەم نەخشانە دەستدرێژیی دەكەنە سەر بەشێكی زۆری ناوچەی ژێرئاوكەوتووی تەنیشت ناوچەی دابەشكراوی نێوان سعوودیە و كوێت، ئەوەش قبووڵكراو نییە.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ئەمڕۆ دووشەم 23ـی شوبات، نیگەرانیی لەبارەی ئەو لیست و نەخشە نوێیانەی عێراق پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە، پێشان دا.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە: چاودێریی ئەو لیست و نەخشانە دەكەین كە عێراق ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە. ئەم نەخشانە دەستدرێژیی دەكەنە سەر بەشێكی زۆری ناوچەی ژێرئاوكەوتووی تەنیشت ناوچەی دابەشكراوی نێوان سعوودیە و كوێت."
بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، بەگوێرەی رێككەوتنە دووقۆڵییەكان و لەسەر بنەمای "رێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یاسای دەریاكان 1982"، شانشینی سعوودیە و دەوڵەتی كوێت، خاوەندارێتی هاوبەشی سامانی سروشتیی ئەو ناوچەیەیان هەیە و هەر بانگەشەیەكی لایەنێكی تر لەمبارەیەوە رەتكراوەیە.
سعوودیە روونی كردەوە، ئەو نەخشەیەی عێراق دیاری كردووە، پێشێلكارییەكی روونی سەروەریی دەوڵەتی كوێتە بەسەر ناوچە دەریاییەكان و ناوچە ئاوییەكانی وەك "فەشت قەید و فەشت عەیج".
وەزارەتەكە دووپاتی لە گرنگی پابەندبوونی عێراق كردەوە بە رێزگرتن لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی كوێت. هەروەها پابەندبوون بە بڕیارنامەی ژمارە 833 ساڵی 1993 ئەنجوومەنی ئاسایش، سنوورە وشكانی و دەریاییەكانی نێوان عێراق و كوێتی دیاری كردووە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا، سعوودیە داوای لە حكوومەتی عێراق كرد، پەنا بۆ "عەقڵ، حیكمەت و گفتوگۆ" ببات بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان. هەروەها داوای كرد بەشێوەیەكی رژد و بەرپرسیارانە و بەگوێرەی بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی و پرەنسیپی "دراوسێیەتی باش"، مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بكرێت.