حكوومەتی عێراق خاڵی نوێی سەربازیی لە سنووری شنگال دادەنێت و بەدوای چەكدا دەگەڕێت، گەرەكیەتی گرووپە چەكدارەكانی سنوورەكە چەك بكات، ئەم هەنگاوەشی دوای قسەكانی هاكان فیدان دەست پێ كردووە.
سوپای عێراق لە شنگال دەستی كردووە بە چەككردنی ئەو هاووڵاتییە ئێزیدییانەی كە چەكیان بەناوی گرووپی جیاواز هەڵگرتبوو.
دوای فشارەكانی توركیا بۆ سەر عێراق و هەڕەشەكانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا، سوپای عێراق خاڵی نوێی سەربازیی لە شنگال داناوە و رۆژانە بەدوای چەكدا دەگەڕێت.
ئەم هەڵمەتەی سوپای عێراق دوای قسەكانی فیدان توند بووە، هەموو ئەو چەكدارانەی سنوورەكە پێشتر حكوومەت مۆڵەتی پێ دابوون، چەك دەكرێن.
سەرچاوەیەكی هێزەكانی ئاسایشی شنگال بە راگەیاندنی نزیكی پەكەكەی گوتووە، لە ئێوارەی دوێنێوە سوپای عێراق ئۆپراسیۆنی كۆكردنەوەی چەكی لە شنگال دەست پێ كردووە.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئۆپراسیۆنێك بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی ئێزیدییەكان لە سەرجەم گوند و كۆمەڵگەكانی شنگال ئەنجام دەدەن.